فەلاح مستەفا: ئامادەین بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەری کێشەکانی شنگال
رووداو- هەولێر
شەش ساڵ دوای هێرشی داعش بۆسەر شنگال، بابەتێک کە لەلای شنگالییەکان گرنگە قەرەبووکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانبووەکانیانە. نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق دەڵێت شتێکی نالۆژیکییە 3 ساڵ دوای نەمانی داعش هێشتا شنگال ئاوەدان نەکراوەتەوە. فەلاح مستەفا دەڵێت، ئامادەن بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی شنگال.
لە ڤیدیۆ کۆنفرانسێکدا جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق گوتی "ئەوەی چیدیکە نابێتە سەردێڕی هەواڵەکان ئەوەیە کە سێ ساڵ دوای تێکشکاندنی تیرۆری داعش، شنگال بەدەست کێشەوە دەناڵێنێت؛ خەڵکی بەدەست نەبوونی ئارامی و ئاسایش، نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست، نەبوونی بەڕێوەبردنێکی یەکگرتوو دەناڵێنن. باشە بۆچی دەبێت ئەوان باجەکەی بدەن؟ ئێمە زۆر باش دەزانین کە دەکرێت چارەسەری ماوەدرێژ بەدەستبهێنرێت. بەڕێوەبردنی سەقامگیر و پێکهاتەی ئەمنی بنەمای سەرەکین بۆ ئاوەدانکردنەوە و بووژاندنەوە".
راوێژکارێکی باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوتارەکانی بکاتە کردار لە بابەتی یارمەتیدانی کوردانی ئێزدیدا؛ ئاماژەی بەوەش کرد، هەبوونی گرووپی چەکداری جیاواز لەو ناوچەیە وایکردووە، پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی خەڵک ئاسان جێبەجێ نەکرێت.
فەلاح مستەفا، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد "پێویستە حکومەتی فیدراڵی ئەولەویەت بدات بەم پرسە، ئەوەی پەیوەندیی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، هەولێر ئامادەیە لەنزیکەوە کار لەگەڵ بەغدا بکات لەپێناو هاوئاهەنگی لەسەر ئەم دۆسیەیە. یەکەم لە بابەتی ئاسایش و سەقامگیریی شنگالدا".
راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد "ئامادەین هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا بکەین لەپێناو دابینکردنی میکانیزمێکی هاوبەشی ئەمنی کە تێیدا پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق بەرپرس بن لە دابینکردنی ئاسایش بۆ ئەم ناوچەیە، بەشێوەیەکی وەها کە خەڵکی ناوچەکە خۆیان بەشداربن لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەدا. خاڵی دووەمیش ئەوەیە کە هێشتا چەند هێزێک لە شنگال هەن کە بوونەتە بەربەست لەبەردەم ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان، بۆیە گرنگە بەغدا و هەولێر لەم بابەتەشدا هاوئاهەنگییان هەبێت".
نادیە موراد، کچە رزگاربووی دەستی داعش کە براوەی خەڵاتی نۆبڵە لە هەمان ڤیدیۆ کۆنفرانسدا رەخنەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت کە تاوەکو ئێستا کاری نەکردووە بە ئاراستەی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی کوردانی ئێزدی بۆ زێدی خۆیان.
نادیە موراد گوتی "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شکستیهێنا لە بردنەسەری پابەندییەکانی لە بەرگریکردن لە ئێزدییەکان، بەتایبەتی ژن و منداڵەکانیان. ئەمڕۆ ژن و منداڵە ئێزدییەکان کە لە داعش رزگاریان بووە، یان ئەوەتا لە کەمپی ئاوارەکانن یان گەڕاونەتەوە بۆ گوندەکانی خۆیان کە کەمترین ئاستی خزمەتگوزارییان تێدا نییە. 300 هەزار ئێزدی کە گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان لە شنگال بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی، خوێندن، ئاوی پاکی خواردنەوە و ئاسایشەوە دەناڵێنن".
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی شنگالیش ئاماژە بەوە دەکات کە بارودۆخی شنگال باش نییە و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان تەواوی هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بەمەبەستی ئاوەدانکردنەوەی.
لە 3ی ئابی 2014دا داعش هێرشیکردە سەر شنگال و دەوروبەری و سەتان کوردی ئێزدیی کۆمەڵکوژکرد، هەزارانی رفاند و سەتان هەزار کەسیش ئاوارەبوون.