رووداو - هەولێر
سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی چوارەم ساڵیادی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی تەواوی رفێندراوان و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ئاوەدانکردنەوەی، ئەرکێکی هەمەلایەنە.
بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت "لەكاتی روودانی ئەو جینۆسایدەدا، هەموو خەڵکی کوردستان لەگەڵ خوشک و برایانی ئێزدیدا ئازاریان چەشت، هەر بۆیە کوڕ و کچانمان لەهەموو کوردستانەوە هاتن و گیانی خۆیان بۆ ئازادکردنی شنگال بەخشی. خوشک و برایانی ئێزدی بەشێکی دانەبڕاوی گەلی کوردستانن و هیچ دۆخێکی سەپێندراویش ناتوانێ لە گەلەکەیان دایانببڕێت".
دەشڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی رفێندراوان خستووەتەگەڕ و ژمارەیەکی زۆریان گەڕاندوونەتەوە، بەڵام دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی تەواوی رفێندراوان و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ئاوەدانکردنەوەی، ئەرکێکی هەمەلایەنە و هاوبەش و هەرە لەپێشی ئێستایە و پێویستە پەلەی تێدا بکرێت".
لە رۆژی 3ی ئابی 2014 چەکدارانی داعش هێرشیانکردەسەر شنگال و زیاتر لە شەش هەزار کوردی ئێزدی رفێندران، دواتر لە تشرینی دووەمی 2015 و بە بەشداریی زیاتر لە حەوت هەزار و 500 پێشمەرگە شنگال کۆنترۆڵکرایەوە.
دەقی پەیامەکەی بەبۆنەی چوارەم ساڵیادی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی
لە ساڵیادی کارەساتی شنگالدا، سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەوکارەساتە.
لەكاتی روودانی ئەو جینۆسایدەدا، هەموو خەڵکی کوردستان لەگەڵ خوشک و برایانی ئێزدیدا ئازاریان چەشت، هەر بۆیە کوڕ و کچانمان لەهەموو کوردستانەوە هاتن و گیانی خۆیان بۆ ئازادکردنی شنگال بەخشی.
خوشک و برایانی ئێزدی بەشێکی دانەبڕاوی گەلی کوردستانن و هیچ دۆخێکی سەپێندراویش ناتوانێ لە گەلەکەیان دایانببڕێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی ڕفێندراوان خستۆتەگەڕ و ژمارەیەکی زۆریان گەڕاندوونەتەوە، بەڵام دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی تەواوی ڕفێندراوان و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ئاوەدانکردنەوەی، ئەرکێکی هەمەلایەنە و هاوبەش و هەرە لەپێشی ئێستایە و پێویستە پەلەی تێدا بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ