فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ رووداو: واشنتن پاڵپشتیکاری بەهێزی یەکخستنەوەی پێشمەرگەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت، هێزەکانی پێشمەرگە هەنگاوی گەورەیان لە پرۆسەی چاکسازیدا ناوە، بەڵام ئاڵنگارییش لەبەردەم یەکگرتنەوەیان هەیە.
 
ژەنەراڵ جەوڵ ڤاوڵ، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە دێسکی ئینگلیزی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێزەکانی پێشمەرگە هەنگاوی گەورەیان بە ئاراستەی گۆڕانکاری ناوە. لە کاتێکدا چاکسازییەکان بەردەوامن، رووبەڕووی ئاستەنگی گەورەتر بۆ پێکهێنانی پەیکەربەندی نوێ بۆ نوێکردنەوەی هێزەکانیان دەبنەوە."
 
فەرماندەکەی هاوپەیمانان دانی بەوەدا نا، هەندێک لە پارتە سیاسییەکان و جیاوازییەکانیان ئاستەنگی لە پڕۆسەی چاکسازییەکەدا دروستکردووە.
 
جەوڵ ڤاوڵ گوتی، "کوردستان مێژوویەکی درێژی هەیە لەوەی، جیاواز لە وڵاتانی رۆژئاوایی، هێزە ئەمنییەکانی بەڕێوەبردووە؛ بۆیە دەبێت چاوەڕێ بکەین کە گۆڕانکاری لە نەریت و کولتوورەکەدا پێویستی بە کاتە."
 
ئەو فەرماندە ئەمریکییە ئاماژە بەوە دەکات کە واشنتن سوورە لەسەر ئەوەی هێزی پێشمەرگە بکاتە هێزێکی پرۆفیشناڵ و مۆدێرن و رایگەیاند، "حکومەتی ئەمریکا رێککەوتنێکی بۆ پاڵپشتیکردن لە ئەرکی تایبەت بە یەکخستنەوەی پێشمەرگە تاوەکو ساڵی 2026 هەیە. ئێمە پێشڤەچوونمان بەدەستهێناوە، هەرچەندە ئێستا هەندێک لەدواوەین. بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە پێویستی بە دیسیپلین و دەستپێشخەری هەیە. ئەوە زەحمەتە، بەڵام بەدەستیش دێت. سەرسامم بەو پێشڤەچوونەی تائێستا بەدەستهاتووە. لە رێگەی هەبوونی وێستێکی بە‌هێزەوە دەتوانین ئەو ئامانجە گرنگە بەدەستبێنین."
 
فەرماندەکەی هێزی هاوپەیمانان جەخت لەوە دەکاتەوە کە پاڵپشتیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە گرنگە و دەڵێت، "ویلایەتە یەکگرتووەکان پاڵپشتیی بەهێزی یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەکات، چونکە هێزێکی پڕۆفێشناڵی یەکخراوی پێشمەرگە دەتوانێت سەقامگیری باشتر دابین بکات. لە رێگەی هەبوونی هێزێکی یەکگرتووەوە، شانبەشانی هاوبەشە کوردەکانمان، بەشدارین لە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ئەم هەرێمە و ئەوەش لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە."
 
لەبارەی ئەوەی ئایا حکومەتی عێراق رێگر بووە لە گەیشتنی هاوکاریی سەربازیی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و پڕچەککردنیان، فەرماندەکەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە رووداوی راگەیاند، "رێز لە عێراقێکی یەکگرتوو و سەقامگیر دەگرین و پاڵپشتیشی دەکەین. کار لەگەڵ سەرکردایەتیی هەولێر و بەغدا دەکەین بۆ دڵنیابوون لە شکستپپێهێنانی یەکجارەکی داعش. عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە و ئەوە سەرکردەکانییەتی بڕیاردەدەن چۆن هێزەکانیان پڕچەک بکەن. ئێمەش لەو چوارچێوەیەدا کار دەکەین بۆ پشتگیرییکردنی ئەو ئامانجە هاوبەشانەی هەمانن لە بەدەستهێنانی سەقامگیریی و ئاسایش لە ناوچەکەدا."