پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کردنەوەی دەرگای پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرانی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی چوارشەممە 03-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمیسیۆن لە رۆژی پێنجشەممە 04-07-2024 تاوەکو رۆژی 15-07-2024 دەرگای پێشکێشکردنی بەربژێرانی هاوپەیمانی، پارت، بەربژێری تاک و پێکهاتەکان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکاتەوە.
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆن گوتیشی، سبەی پێنجشەممە 4ی تەممووز ماوەی تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانییەکان کۆتایی دێت و راستەوخۆ پێشکێشکردن و وەرگرتنی لیستی بەربژێرەکان دەستپێدەکات.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی 03-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرەکان لە ئۆفیسەکانی کۆمیسیۆن دەبێت لە هەرێمی کوردستان."
 
رۆژی چوارشەممە 26-06-2024 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی 20ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.