کارەبای سلێمانی: لە خراپترین دۆخدا لانیکەم 10 کاژێر کارەبا دەدەینە هاونیشتمانیان
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی دەڵێت، لەم سەرەتای وەرزی هاوینەدا نزیكەی 12 كاژێر كارەبای نیشتمانی دەدەنە هاوبەشانی كارەبا، پلانیشیان بۆ ئەوە داناوە لە خراپترین دۆخدا پێدانی كارەبا لە 10 كاژێر كەمتر نەبێت.
ئەنوەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی لە (پۆدكاستی بە كاتی سلێمانی)ی رادیۆی رووداودا، كە ئاسۆ سەراوی پێشكێشی دەكات، گوتی، 5. 28% كارەبای نیشتمانیی هەرێمی كوردستان دەدرێتە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و بەو جۆرەش دەتوانن نزیكەی 12كاژێر كارەبای نیشتمانی بدەنە هاوبەشانی كارەبا؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێستا هاوبەشەكانمان كە 532 هەزار و792 هاوبەشن، 24 كاژێر كارەبایان هەیە، بە جۆرێک کە 12كاژێر كارەبای نیشتیمانی و 12كاژێریش كارەبای مۆلیدەیان هەیە. بەپێی ئەو پلانەی هەمانە، پێدانی كارەبای نیشتیمانی لەم وەرزی هاوینەدا لە 10كاژێر كەمتر نابێت، ئەگەر كێشەی چاوەڕواننەكراو روونەدات."
بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی گوتیشی، 565 ملیار دینار قەرزی كارەبایان لای هاوبەشەكانیان هەیە و لەو پارەیە 205 ملیار دیناری لای ماڵانە و ئەوی دیكەش لای دامودەزگە تایبەتی و حكومییەكانە. گوتیشی، "ئەو پارەیە وەربگرینەوە زۆر كێشەی پێ چارەسەر دەكەین، چونكە 8% بۆ خۆمان دەگەڕێتەوە و دەتوانین پڕۆژەی بچووك و زۆر كاری دیكەی پێ بكەین."
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، دیارنەمانی كارەبا لە هەموو شوێنێک بە رێژەی 13% ئاساییە، بەڵام لە سنووری ئەوان دیارنەمانی كارەبا بە رێژەی 25%ە و لەبارەی هۆكارەكەشی گوتی، "تاوەكو 13% ونبوون ئاساییە. ئەو 12% ی دەمێنێتەوە بەشێكی بۆ نەخوێندنەوەی كارەبای ماڵان و هەندێ گرفتی دیكە دەگەڕێتەوە؛ نزیكەی 5%ی بەهۆی سەرپێچی جۆراوجۆرەوەیە. بەدڵنیاییەوە پێش دانانی پێوەری زیرەكی كارەبا، سەرپێچییەكان زۆر زیاتر بوون."
ئەو ئەندازیارە ئاماژە بەوە دەکات، هێشتا 30% هاوبەشانی كارەبا لە سەرجەم هەرێمی كوردستان پێوەری زیرەكیان نەبەستووە و دەشڵێت، "لە 532 هەزار و792 هاوبەشی كارەبای سنووری سلێمانی، 400 هەزار و 583 هاوبەش پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوە. لە سەرەتای دانانی پێوەری زیرەك بڕیاربوو 40 ئەمپێر کارەبا بدرێت، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی كارەباوە ئێستا بۆ 30 ئەمپێر كەمكراوەتەوە."
سووتان و تێكچوونی بگۆڕی كارەبای گەڕەكەكان یەكێكی دیكەیە لە كێشەكانی كارەبای سلێمانی و تەنیا لە ساڵی 2023دا 555 بگۆڕ و لە پێنج مانگی سەرەتای 2024یشدا 371 بگۆڕ سووتاون. ئەنوەر حەمەسەعید گوتیشی: "پێش دانانی پێوەری زیرەكی كارەبا كێشەی بگۆڕمان زیاتر بوو. ئێستا لەگەڵ ئەوەی سەرە بگۆڕی گەڕەكەمانمان نەهێشتووە و هەر شوێنێكیش بگۆڕەکەی بسووتێ، دەتوانین بگۆڕی نوێی بۆ دابنێین."