لە ناوچەی داڵاهۆی کرماشان 20 هێکتار لەوەڕگە و زەویی کشتوکاڵی سووتان

03-07-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە ناوچەی داڵاهۆی سەر بە پارێزگای کرماشان، ئاگر لە لەوەڕگە و زەوییە کشتوکاڵییەکان کەوتەوە و چەندین هێکتار زەوی سووتان.
 
محەممەد محەممەدی، بەڕێوەبەری پۆلیسی داڵاهۆ رۆژی سێشەممە 2ی تەممووز رایگەیاند، "لە دەشتەکانی مورتی خواروو و سەروو، زاخە و قەلاجیری سەر بە قەزای داڵاهۆ، ئاگر لە لەوەڕگە و زەوییە کشتوکاڵییەکان کەوتەوە، دوای چەندین کاژێر لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، خەڵکی ناوچەکە و ژینگەپارێزانەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا."
 
محەممەد محەممەدی گوتی، "بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە 20 هێکتار لەوەڕگە و زەویی کشتوکاڵیی جووتیارانی ناوچەکە سووتاون."
 
بە گوتەی محەممەدی، لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوە دەستیپێکردووە.
 
رۆژی دووشەممەش لە ناوچەی شەک مەیدان و چوغالوەنی سەر بە شاری گیەلان و چەند ناوچەیەکی شائاباد ئاگرێکی گەورە لە لەوەڕگە و زەوییە کشتوکاڵییەکان کەوتەوە.
 
ئاریا عەبدی، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری شائاباد رایگەیاند، ئاگرەکە دوای ماوەیەکی کەم لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، بە هاوکاریی خەڵکی خۆجێیی کوژێندرایەوە، بەڵام شەش هێکتار گەنمی جووتیارانی ناوچەکە سووتاوە.
 
قایمقامی گیەلانیش گوتی، تیمی تایبەت رەوانەی ناوچەکە دەکرێن بۆئەوەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ زیانەکان بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە