ئاسایشی سلێمانی: 9 ئەندامی داعشمان دەستگیرکرد

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی نۆ ئەندامی داعشی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند، کە بە مادەی چواری یاسای تیرۆر داواکراون و بەشداریی چەندین کاری تیرۆریستییان کردووە.
 
چوارشەممە 03-07-2024 بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند "بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی گشتیی سلێمانی دەستگیرکردنی 9 تیرۆریست رادەگەیەنێت، کە چەکداری گرووپی تیرۆریستیی داعش بوون."
 
ئاسایشی سلێمانی راشیگەیاندووە "دوای بەدەستهێنانی زانیاریی وردی هەواڵگری لەسەر 9 ئەندامی گرووپی تیرۆریستی داعش، کە بەمەبەستی خۆحەشاردان نیشتەجێی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، توانرا لە دوو ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوودا سەرجەمیان دەستگیربکرێن."
 
بەپێی بەڕێوەبەرایەتییەکە "لێکۆڵینەوەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە؛ ئەو کەسانە چەکداری داعش بوون و بەشداریی چەندین کاری تیرۆریستی بوون و داواکراون بە ماددەی چوار لە یاسای تیرۆر، ''سەرجەمیان رادەستی یاسا کراون."