ئەمنستیى ئینتەرناشناڵ: لە هەرێمى کوردستان کوڕێک گوێچکەکانی خوشکەکەى بڕیوە

رووداو دیجیتاڵ

"کوڕێک لە هەرێمى کوردستان لەسەر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گوێچکەى خوشکەکەى بڕیوە" ، "ژن هەبووە  بەڵێننامەى بۆ واژۆکراوە کە تووندوتیژى بەرامبەرى نەکرێت، بەڵام دواتر کوژراوە"، ئەمانە و چەند دۆسیەیەکی دیکە لە نوێترین راپۆرتی رێکخراوى لێبووردنى نێودەوڵەتى" ئەمنستى ئینتەرناشناڵ" باسکراون، هۆکاری ئەو تووندوتیژیانەش بەپێی رێکخراوەکە نەگونجاوى خانەکانى داڵدان و رێوشوێنە یاساییەکان بوون.
  
رێکخراوى لێبووردنى نێودەوڵەتى لە راپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 3ـی حوزەیران) بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، بەرپرسانى هەرێمى کوردستان "نەرمى دەنوێنن" لە گەرەنتیکردنى سزادانى ئەو کەسانەى تووندوتیژى خێزانى دەکەن بە کوشتن، دەستدرێژيى سێکسى و لێدان و سووتاندنیشەوە. هەروەها "کۆت و بەندى هەڕەمەکى" دادەنێن لەسەر ئازادیی ئەو ژنانەى توندووتیژییان بەرامبەر کراوە و لە خانەکانى داڵدەدانن.
 
راپۆرتەکە بە ناونیشانى "سیستمى  قورس و بێزارکەر" بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە "سەرەڕاى ئەوەى چەندین هەنگاوى ئەرێنى یاسایی لە هەرێمى کوردستان نراون بۆ بنبڕکردنى تووندوتیژیى خێزانى، بەڵام  قوتاربوون لە سزا و کەمیی پارەدارکردنى دامەزراوەکان، پرۆسەى پاراستنى ژنان و کچانى لە تووندوتیژیی خێزانى پەکخستووە."
 
بەپێی رێکخراوەکە "ئەو ژنانەى لە تووندوتیژى رزگاریان بووە، تووشی بەربەست دەبن لە پاراستنیان و گەیشتن بە دادوەری."
 
ئایە مەجزووب، جێگرى بەڕێوەبەرى نووسینگەى هەرێمى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکوورى ئەفریقاى رێکخراوەکە، رایگەیاندووە ئەو ژنانەى لە دەست تووندوتیژیى و دۆخى ناهەمواریان "هەڵدێن" رووبەڕووى مەترسى دەبنەوە و تۆمەتبارانى ئەو تووندوتیژییە لە سزا رزگار دەبن.
 
ئایە مەجزووب دەڵێت "ئەو ژنانەى پەنا بۆ خانەکانى داڵدەدان دەبەن، رووبەڕووى دۆخێک دەبنەوە کە لە زیندان دەچێت، بۆیە هەندێکیان ناچار دەبن بگەڕێنەوە بۆ دۆخە خراپەکەى پێشوویان." 
 
راپۆرتەکە پشتى بە قسەى 57 کەس بەستووە کە 15ـیان رووبەڕووى تووندوتیژیی خێزانى بوونەتەوە، ئەوە جگە لە چەند ژنە بەڕێوەبەر و کارمەندێک لە بەڕێوەبەرایەتى بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیى خێزانى و، ناوەندەکانى داڵدەدانى ژنان و وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان. 
 
جێگرى بەڕێوەبەرى نووسینگەى هەرێمى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکوورى ئەفریقاى رێکخراوەکە، ئاماژەى بەوە داوە هەرێمى کوردستان یاسایەکى پێشکەوتووى تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزانى دەرکردووە، کە لە عێراقدا "وێنەى نییە." بەڵام بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى رێکخراوەکە یاساکە ئێستا "مەرەکەبى سەر کاخەزە." 
 
زانیارییەکانى نێو ئەو راپۆرتەى رێکخراوى لێبووردنى نێودەوڵەتى لە دوو سەردان کۆکراونەتەوە، کە لە مانگى ئادار و ئەیلوولى 2023 بۆ هەولێر، سلێمانی و ئیدارەى گەرمیان کردوویانە و، سەردانى سێ خانەى داڵدەدانیان کردووە لەکۆى ئەو چوار خانە حکومییەى بۆ لە خۆگرتنى ئەو ژنانەى لەدەست تووندوتیژى هەڵدێن، هەن.
 
رێکخراوەکە ئاماژەى بەوەداوە ئامارێکى گشتگیر نییە لە بارەى تووندوتیژیى لەسەر بنەماى جیاوازیى رەگەز لە هەرێمى کوردستان، بەڵام بەگوتەى چەند بەرپرسێکى حکومى، ساڵى 2023 لانیکەم 30 ژن کوژراون، لەکاتێکدا لە ساڵى 2022ـدا 44 ژن کوژراون. هەر لە ساڵی 2022ـدا بەڕێوەبەرایەتى گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژى دژى ژنان، 15 هەزار و 896 سکاڵاى پێگەیشتووە.
 
یەکێک لەو کێشانەى راپۆرتەکە باسی کردووە و رووبەڕووى ئەو ژنانە دەبێتەوە کە تووندوتیژییان بەرامبەر کراوە، ئەوەیە دەبێت خۆیان سکاڵا پێشکێش بکەن لە دژى دەستدرێژیکارانیان، تاوەکو داواکارى گشتى بتوانێت لێکۆڵینەوە بکات و ئەو ژنانەش  بپارێزرێن بە گەیشتن بە خانەکانى داڵدەدان.
 
"زۆر لەو ژنانە ترسیان هەیە لە تۆڵەسەندنەوە لێیان، یان هەڕەشەکردن لێیان، ئەگەر سکاڵا بکەن" ئەوە بە گوێرەى راپۆرتەکە. 
 
رێکخراوەکە دەڵێت "رێوشوێنەکانى دادگا زۆر دەخایێنن و زیاتر گرنگى بە راپۆرتى یەکگرتوویی خێزانەکان دەدات، وەک لەوەى ژنان بپارێزێت، ئەوانە وایانکردووە ئەو ژنانە سارد ببنەوە لە هەوڵەکانیان بۆ هێنانەکایەى دادوەرى و هەندێکیشیان ناچار دەبن تۆمەتبارکردنى دەستدرێژیکارەکە پووچەڵ بکەنەوە و بگەڕێنەوە بۆ دۆخى خراپى پێشوویان." 
 
رێکخراوى لێبووردنى نێودەوڵەتى لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەى بەوەش داوە تەنیا گەرەنتى کە لە دادگە پێویستە، ئەوەیە دەستدرێژیکارەکە بەڵێننامەیەک بۆ ژنەکە بنووسێت، کە زیانى پێ ناگەیێنێتەوە.   
 
یەکێک لە توێژەرە کۆمەڵایەتیەکان بە رێکخراوەکەى گوتووە "چەندین ژن هەبوو، لە دواى واژۆکردنى ئەو بەڵێننامەیەش، کوژراون." 
 
راپۆرتەکە لەسەر زارى بەڕێوەبەرى یەکێک لە خانەکانى داڵدەدانەوە گواستوویەتییەوە کە کچێکى هەرزەکار لەلایەن برایەکییەوە هەردوو گوێچکەی بڕدراوە و قژى بەتەواوى تاشراوە، تەنیا لەبەرئەوەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى بەکارهێناوە.
 
رێکخراوى لێبووردنى نێودوڵەتى ئاماژەى بەوەداوە، تاوانى شەرەف هێشتا لە هەرێمى کوردستان بڵاوە، سەرەڕاى ئەوەى هەموارى یاسای سزادانى عێراق لە ساڵى 2002 ، پاساوى شەرەفی لابردووە بۆ کەمکردنەوەى سزاى کوشتن و تاوانە مەترسیدارەکانى دیکە لەدژى ژنان.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو سێ خانەى داڵدەدانەى سەردانیان کردوون پێویستیان بە چاکسازییە، قەرەباڵخن و فەرمانبەرى پێویستیان نییە، ژنان پێویستیان بە بڕیارى دادگا هەیە بۆ ئەوەى بچنە نێو ئەو خانەیە یان لێى بچنەدەر، ئەوەش پێویستى بە سکاڵا هەیە لە دژى ئەوەى دەستدرێژی کردووەتەسەر، بەڵام هەندێکیان لەو مەرجە بەدەر دەکرێن ئەگەر ترسی ئەوەیان هەبێت بەهۆیەوە تۆڵەیان لێ بکرێتەوە.