بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا

03-07-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی بە مەبەستی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و سیاسییەکانی عێراق و دیدار لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان، لە بەغدایە. جگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە سبەی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و بەرپرسانی هێز و لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە.
 
کۆبوونەوەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و کۆتاییهێنانن بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی. بەپێی ئەو سەرچاوانەی رووداو قسەی لەگەڵ کردوون، سەرۆک بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردە لەنێویاندا نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح و ژمارەیەک سەرکردەی دیکە کۆدەبێتەوە.
 
دوایین سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، رۆژی 22ـی 11ـی 2018 بوو، کە بە یاوەریی شاندێك و بەمەبەستی دیدار لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق و تاوتوێكردنی پرۆسەی سیاسیی سەردانی بەغدای كرد، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەوکاتی پەرلەمانی عێراق و هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسە سیاسی و ئیداری و ئەمنییەكانی عێراق پێشوازیی لێكرا.
 
"سەرۆک بارزانی هەمیشە گرێکوێرەکان دەکاتەوە"
 
رەحیم عەبوود، ئەندامی رەوتی حیکمە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو خەباتەی کورد و شیعە لە یەک چاڵدا لە دژی ستەم کردوویانە، مێژوویێکە هەرگیز ناسڕێتەوە. بەهۆی ئەم خەباتە مێژووییەوە، ناکرێ بۆشایی و ساردی لە پەیوەندییەکان دروست بکرێت. بەتایبەتی ئێمە لە رەوتی حیکمە مێژوویەکی دێرین و قوڵ و درێژخایەنمان هەیە بەهۆی پەیوەندییە مێژووییەکەی نێوان سەماحەتی محەممەد باقر حەکیم و سەرۆک بارزانی. ئەم خەباتە رێگەی خۆشکردووە بۆ ئازادی گەلی کورد و عێراق. تێڕوانین و ئامانجی هاوبەشمان هەیە بۆ بونیاتنانەوەی وڵات. "
 
سەرۆک بارزانی بەشداری کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکات
 
رەحیم عەبوود ئاشکرای کرد، "پێنجشەممە 4ـی تەممووزی 2024، بە میوانداریی بەڕێز سەید حەکیم، سەرۆک بارزانی میوانێکی قەدرگران دەبێت لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی. ئەم کۆبوونەوەیە هەموو گرێکوێرەکان دەکاتەوە.''
 
ئەندامەکەی رەوتی حیکمە  دەڵێت، حەکیم هەمیشە رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە چارەسەرکردنی گرێیەکان، دەشڵێت "بارزانیش هەمان تایبەتمەندیی هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی هەموو گرێکوێرەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. هەر لە پرسی مووچە، تاوەکو دەگاتە یاسای نەوت و گاز و پەسندکردنی لە پەرلەمانی عێراق. جگە لەوەش  لای سەرۆک بارزانی گرنگە، ئاسایش و سەقامگیری ناوخۆ بەپارێزراوی بمێنێتەوە."
 
رەحیم عەبوود بە گرنگی دەزانێت، سەرۆک مەسعود بارزانی بەشداری کۆبوونەوەکانی بە‌غدا بکات و دەڵێت "ئامادەبوونی بڕیاردەری یەکەمی هەولێر، کە نوێنەرایەتیی تەواوی گەلی کورد دەکات،  کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانی بەغدا دەبێت. دانیشتن لە دەوری مێزێک کە سەرکردەکانی دیکەش لەخۆدەگرێت بڕیارەکان خێراتر دەکەن، جموجۆڵ دروست دەکەن، کە خاڵەکان لەسەر پیتەکان دابنرێت." 
 
رەحیم عەبوود پێیوایە؛ بە سەردانیکردنی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ تورکیا دەستپێدەکاتەوە، هیواشی خواست پرسی سەرۆکی پەرلەمان لەم دانیشتنەدا یەکلایی بکرێتەوە بۆ ئەوەی یاسای نەوت و گازیش پەسند بکرێت. 'پرسی گازی شل زۆر گرنگە بۆ عێراق' بەتایبەتی بۆ بەرهەمهێنانی تەزووی کارەبا. بۆ ئەمەش پێیوایە سەرۆک بارزانی دەتوانێت دەستپێشخەری نوێ بکات.  
 
"سەرۆک بارزانی رووبەڕوو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی چەندین ساڵ دەخاتە بەرباس و لێکۆڵینەوە" 
 
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر بە گرنگییەوە باسی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا کرد و گوتی "ئەم سەردانە لەکاتێکدایە؛ کەشوهەوای پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا زۆر تەبا و دۆستانەیە و یەکەمجارە بگاتە ئەم ئاستەی هاوئاهەنگی. ئەنجامی ئەم کەشوهەوا دۆستانەیەیە کە سەرۆک بارزانی هاتووەتە بەغدا."
 
ئەبو میساق تێڕوانینی خۆی بۆ رووداو ئاشکراکرد و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکاندا بەوپەڕی هەستیارییەوە گوێ لە تێڕوانینی سەرۆک بارزانی دەگیرێت و بەڕێزیشیان گوێ لە بۆچوون و تێڕوانینی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەگرێت بۆ چەندین پرسی هەڵپەسێردراو، کە پێویستییان بەیەکلاییکردنەوە هەیە. رووبەڕوو باس لە ئاڵنگاری و کێشەکان دەکەن کە رووبەڕووی پرۆسەی سیاسیی عێراق دەبێتەوە.
 
''سەرکردەکانی عێراق ساڵانە بۆ هەولێر حەج دەکەن'' 
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر هەر لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا گوتی "ساڵانە سەرکردە کاریگەرەکانی عێراق بۆ هەولێر حەج دەکەن و رووگەی یەکەمیان لای سەرۆک بارزانی دەبێت. هەر شاندێکی بەغدا سەردانی هەولێری کردبێت، چاوی بە سەرۆک بارزانی کەوتووە و لە سەرجەم دیدار و گفتوگۆکاندا باس لە نوێترین پێشهاتەکانی عێراق کراوە، بەڵام ئەمجارە دۆخەکە پێچەوانە بووە، میوانە قەدرگرانەکە هاتووەتە بەغدا و بینیمان لە فڕۆکەخانەی بەغدا چۆن پێشوازییەکی زۆر گەرم و نایابی لێکرا و شایەنی زیاتریشە بەدڵنیاییەوە."  
 
پەیوەندیی ئێستای هەولێر و بەغدا بەراورد بە رابردوو باشترە، بەڵام هێشتا هەندێک پرسی هەڵپەسێدراو لەنێوانیان ماوە، لەوانە مووچەی فەرمانبەران، یاسای نەوت و غاز، ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و شنگال و زۆر پرسی دیکە. 
 
ئەبو میساق مەساری دەڵێت "پێشتر بەغدا بۆ هەولێر چەندین دەستپێشخەری کردووە، کە دوایینیان چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو. ئەم کەشوهەوا دۆستانەیەی ئەمڕۆ بەدی دەکرێت، پێموایە لە رێگەی ئەم سەردانەوە بقۆزرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو پرسانە یەکلایی بکرێنەوە."
 
سەبارەت بە پرسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەبو میساق مەساری گوتی "ئەمڕۆ بارزانی بە سەنگینیی خۆیەوە و لە رێگەی نوێنەرایەتی سەرووی 70 کورسیی پێکهاتەی کورد، دەتوانێت کێشەی سوننە چارەسەر بکات. پێموایە بەم سەردانەی سەرۆک بارزانی ئەم پرسە یەکلایی دەکرێتەوە."
 
مەساری باسی لەوەش کرد، سەرکردەکان بۆ موجامەلەکردنی یەکدی سەردانی یەکدی ناکەن، بەڵکو گرفتێکی نیشتمانی هەیە و پێویستیان بە چارەسەرە و دەبێ گفتوگۆ بکرێت. سەرۆک بارزانی ئەزموونێکی زۆری هەیە لە پرۆسەی سیاسیدا و ئەو ئەزموونە سەرکەوتووەی لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت، بەغدا لە چەندین بۆنەدا باسی لەوە کردووە؛ چاویان لەوەیە بگەنە هەمان ئاست. "هەولێر نزیکە لە هەڵبژاردن و پێش هەڵبژاردن پێویستە هەندێک بابەتی سیاسیی یەکلایی بکرێنەوە و بۆ سەقامگیری گشتی، پێویستمان بەمجۆرە سەردانانە هەیە."
 
هەولێر لە ئەمریکا نێوەندگیری بۆ بەغدا کرد 
 
ئەبو میساق مەساری ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆک بارزانی کرد لە ئاستی پەیوەندییە نێوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی و گوتی "ماوەیەک پێویستمان بە هەولێر بوو بۆ ئەوەی نێوەندگیریمان بۆ بکات و هەندێک بابەتمان بۆ چارەسەر بکات. تەنانەت بۆ سەردانیکردنی بایدن ـیش دیپلۆماسییەتی کوردی هاتە سەر خەت و ئەم بابەتەی چارەسەر کرد. هەروەها هاوسۆزی و پشتیوانیی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێز فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق هەڵوێستێکی زۆر ناوازە بوو. سەرۆک بارزانی بەم هەڵوێستەی پەیامی بۆ ناوخۆ و دەرەوە نارد، کە پاڵپشتی بەردەوامی بۆ برایانی هەیە لە عێراق."  
 
"لە شەش ساڵدا زۆر شت گۆڕاون، بۆیە هاتنی بارزانی زۆر گرنگە"، ئەمە قسەی حەیدەر لامی، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە بۆ رووداو. لامی پەسنی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی کرد و گوتی "ئەمڕۆ بەغدا بە سەردانی سەرۆک بارزانی گەشاوە و درەوشاوەتر دەبێت."  
 
حەیدەر لامی گوتی "ئەم چەند ساڵە گۆڕانکاری بەسەر زۆر شتدا هاتوون و دێن، کە کاریگەرییان لەسەر ماڵی شیعە، سوننە و کورد هەیە. پێشهاتەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، دەستوەردانەکانی تورکیا، جەنگی قەوارەی زایۆنیزم و فەلەستین، هەموو ئەم پێشهاتانە بەدڵنیاییەوە بەسەردانیکردنی بەڕێز بارزانی کاریگەری خۆیان دەبێت لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی عێراق."
 
حەیدەر لامی گوتیشی "هاتنی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا لەپێناو تاوتوێکردنی بابەتی لاوەکی نابێت، بەدڵنیاییەوە پرسی چارەنووسساز هەن کە وایانکردووە بارزانی بێتە بەغدا. سەرۆک بارزانی ماوەی شەش ساڵە نەهاتووەتە بەغدا، بۆیە پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەشێکە لەو بابەتانەی دەبێ بۆچوونی خۆی تێدا هەبێت." 
 
پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەدا، ئەوان لە دەوڵەتی یاسا پێیانوایە دەبێ هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سیاسیی وەک دۆخی کەرکووک، دیالە و رووداوەکانی سەماوە و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و کشانەوەی رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی. "پێمانوایە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێتە بەشێک لە چارەسەرکردنی پرسە سیاسییەکانی عێراق." 
 
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، حەیدەر لامی گوتی "لایەنی دۆست و هاوڕێ هەن، لە هەوڵدان هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن. نایانەوێت دۆخەکە بگاتە ئەو ئاستەی دوژمنکاری هەبێت و بەرەی دژبەیەکدی سەرهەڵبدات. نەبوونی رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی، یەکێکە لە هۆکارەکان و نیازمان بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت. گرنگە گۆشەگیری سیاسی کۆتایی پێ بێت."

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جووتیارێک لە یەکێک لە سایلۆکانی سنووری هەولێر؛ وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

ئەنجوومەنی فەتوا: هەر کەسێک زەوی کشتوکاڵی نەبێت و پسووڵەی وەرگرتنی گەنم وەربگرێت، پارەکەی حەرامە

ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە یەکێتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دروست نییە كه‌سێك جووتیاری راستەقینە نه‌بێت و خاوه‌ن زه‌وی كشتوكاڵی نه‌بێت، بەڵام پسووڵەی گەنم وه‌ربگرێت و دواتر بیفرۆشێتەوە. بەرپرسێک لە یەکێتییەکە دەڵێت: "ئەوەی ئەو کارە بکات، پارەکەی حەرامە".