لە مەڵبەندی یەکێتی شیرینی دابەش دەکرێت و پارتی دەڵێ 'مەخموور زەردپۆشە'

04-07-2024
بەختیار قادر
بەختیار قادر
پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەندامیێتیی خۆی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵپەسارد
پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەندامیێتیی خۆی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵپەسارد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، گۆڕانکاری لە پۆستە کارگێڕییەکانی کرا و، یەکێتیی نشتیمانی کوردستان پۆستی قایمقامی مەخمووری بەرکەوت، لەکاتێکدا ماوە 21 ساڵە پارتی دیموکراتی کوردستان حکومداری شارەکەیە.  
 
ساڵی 1927 مەخموور بووەتە قەزا، تائێستا 39 قایمقامی گۆڕدراون و پێناچێت قایمقامی 40ـەمین بە دەستپێکێکی ئاسان لە سەر کورسییەکەی دابنیشێت.
 
یەکێتی بۆ پۆستی قایمقامیەت، سەردار سیامەند، بەرپرسی مەڵبەندی مەخمووری داناوە، لە مەڵبەند دەستەدەستە خەڵکی دەچن و پیرۆزبایی و شیرینیش دەبەخشنەوە.
 
سەردار سیامەند، بەرپرسی مەڵبەندی مەخموور بە رووداوی گوت "بەڵێن بە خەڵکی سنوورەکە دەدەم، قایمقامی هەموو خەڵک دەبم بە بێ جیاوازی، چونکە لە مەخموور کورد و عەرەب و حیزبی دیکەش هەن، هیوادارم بوونیشم بە قایمقام بێ کێشە تێپەڕێت، خۆ ئەگەر هەرکەس و لایەنێک کێشە دروست بکات، دادگەی فیدراڵی هەیە و سکاڵای خۆمان دەگەیێنینە دادگە."
 
پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەندامیێتیی خۆی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵپەسارد، دەشڵێت مەخموور زەردپۆشە و هەر دەبێ پارتیێکیش لە پۆستی قایمقامیەت بێت، ئەگەرنا مەخموور و مەخموورییەکان زەرەرمەندن و، قبووڵی ئەو زەرەرەش ناکەن.
 
پشتیوان مەلا حوسێن، بەرپرسی ناوچەی مەخموور بە رووداوی گوت "خەڵکی ئێرە متمانەیان بە پارتی داوە و لە هەڵبژاردن خەڵک دەنگی بە پارتی داوە، (خەڵک) قبووڵی نییە کەسی دیکە نوێنەرایەتیان بکات، لەبەرئەوەی ئەم سنوورە بە بێ پارتی ناڕوات بەڕێوە."
 
هەروەها دەڵێ "یەکێتی لەگەڵ رەیان و حەشدی شەعبی بووە، قبووڵ ناکەین چونکە خەڵک زەرەرمەند دەبێت و ناکرێ ئێمە متمانەی خەڵک لەدەستبدەین بۆیە قبووڵی ناکەین."
 
لەدوای ساڵی 2023ـوە  پۆستە کارگێڕییەکانی مەخموور بە دەست پارتییەوە بوون، تائێستا قایمقامەکەی لە هەردوو کۆبوونەوەکانی پارێزگای هەولێر و نەینەوا بەشدار بوو، بەو پێیەی 80٪ـی مووچەخۆرانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانن، پێشینەی مانگانەی دامەزراوەکان و، پارەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانیشی لە نەینەواوە بۆ دێت. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە