مەسرور بارزانی و باڵیۆزی چیک لە عێراق تاوتوێی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی کۆماری چیک لە عێراق دەکات، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و سەرۆکوەزیران سوپاسی کرد "لە بەرامبەر کارکردنی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە."
 
رۆژی چوارشەممە، 03-07-2024 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پیتەر شتێپانیک، باڵیۆزی کۆماری چیک کرد و تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەردوولایان کرد لە ماوەی کارکردنی ئەو باڵیۆزەدا لە عێراق. 
 
بە گوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سوپاسی پیتەر شتێپانیک کرد لە بەرامبەر هەوڵەکانیان "لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لەنێوان هەردوولا."
 
لە کۆبوونەوەکەدا بەپێی حکومەتی هەرێمی کوردستان: "باڵیۆزی چیک پێزانینی خۆی بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی دەربڕی."
 
پیتەر شتێپانیک "خواستی بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکان دووپاتکردەوە."