سەرۆک بارزانی و سوودانی: گفتوگۆی بنیاتنەرانەمان لەبارەی پرسە جیاوازەکان کرد

03-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی لە بەغدا کۆبوونەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا زۆر گرنگە و "گفتوگۆی بنیاتنەرانەمان لەبارەی چەندین پرسی نێوخۆیی و ناوچەیی کرد".
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆک بارزانیی بۆ بەغدا کرد و رایگەیاند، متمانەی زۆر لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەیە و توانیویانە کێشەی زۆر تێپەڕێنن.
 
سەرۆک بارزانی لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی رایگەیاند، "زۆر خۆشحاڵم بە دیدار و کۆبوونەوەم لەگەڵ هاوڕێ و برای بەڕێزم سوودانی. سەردانم بۆ بەغدا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانە". دەشڵێت، "گفتوگۆمان بنیاتنەرانە بوون، چی ئەوانەی پەیوەندییان بە ناوخۆ یان وڵاتانی هەرێمایەتی هەیە". 
 
 
سەرۆک بارزانی سوپاسی سوودانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و بەرپرسانی دیکەی کرد لە چارەسەرکردنی کێشەکان و گوتی، نیەتی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و سەردانەکەمان بەو ئامانجەیە.

 

دەقی قسەکانی محەممەد شیاع سوودانی:
 
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان. ئەمڕۆ شەرەفمەندبووین بە سەردانی برای ئازیز، بەڕێز مەسعود بارزانی. ئەم سەردانە بۆ بەغدا گرنگە، بەهۆی گرنگی دیدار و گفتوگۆکان، بە تایبەتی کە ئێمە باسی سەرکردەیەکی نیشتمانیی گرنگ دەکەین کە رۆڵێکی گەورەی لە پرۆسەی سیاسیدا هەیە. ئێمە گفتوگۆیەکی بنیاتنەرانە و ئامانجدارمان بە ئاراستەی پرسە جیاوازە نێوخۆییەکان و رەوشە ناوچەییەکان کرد. بێگومان قۆناخێکی گرنگمان بڕیوە لە بنیاتنانی متمانە لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم، زۆر کێشەشمان تێپەڕاندوون کە چەندین ساڵە وەکو میرات ماونەتەوە، ئەوەش بەگوێرەی دەستوور و یاسا. بەردەوامیشین بە ئاراستەی کردنەوەی دەرفەتەکانی گەشەپێدان و ئاسۆکانی ئاییندە بەشێوەیەک کە بۆ گەلەکەمان لە هەموو شوێنێک بە خێر و خۆشگوزەرانی و گەشەسەندن بشکێتەوە. رەوشە هەرێمییەکان و ئەو پێشهاتانەی روودەدەن بەشێکی گرنگی ئەم گفتوگۆیە بوون، ئەوەش گرنگە لەژێر رۆشنایی ئەو قۆناخە سەختەی رووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە؛ هەروەها جەختمان کردەوە لەسەر ئاسایش، سەقامگیری و سەروەریی عێراق بە جۆرێک کە دوور بێت لە گۆڕەپانی ململانێیەکان لەگەڵ پاراستنی هەڵوێستە بنچینەییەکانمان بەرامبەر پرسە جیاوازە دادپەروەرییەکان. بۆیە هەموو بەخێرهاتنێک بۆ برای بەڕێز مەسعود بارزانی؛ زۆر بەخێربێیت.
 
دەقی قسەکانی سەرۆک بارزانی:
 
زۆر سوپاس. بەناوی خودای گەورە و میهرەبان. زۆر خۆشحاڵم بە دیداری برای بەڕێزم، سەرۆکوەزیران سوودانی. سەردانەکەم بۆ بەغدا بە ئامانجی پتەوکردنی ئەو هەوڵانەیە کە پێش ئێستا دران کە جەنابی سەرۆکوەزیران سەرمەشقیان بوو و بوونە هۆی کرانەوەیەکی راستەقینە لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم. لێرەش دەبێت سوپاسی برای بەڕێزم سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی بکەم؛ هەروەها هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەموو بەرپرسان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم بۆ ئەو هەوڵانەی دایان، بەرز دەنرخێنم. هەروەک بەڕێز سەرۆکوەزیران فەرمووی، گفتوگۆکەمان گفتوگۆیەکی بنیاتنەر بوو، چی ئەوەی پەیوەندی بە رەوشی نێوخۆوە هەیە و چی ئەوەی پەیوەندی بە رەوشی هەرێمییەوە هەیە؛ بۆچوونەکان هاوتا بوون و پەنا بەخودا بەردەوام دەبین لە هاوئاهەنگی و هاوکاری. ئەوەی کە بەردەوام دەمانگوت، سەلمێندرا کە ئەگەر نییەتی چاک هەبێت، هیچ کێشەیەک نییە چارەسەری نەبێت. سوپاس بۆ خودا ئەم نییەتانە هەن و برام سەرۆکوەزیران بەم نییەتانە سەرکردایەتیی دەوڵەتێک دەکات کە گەیاندوویەتی بەم رەوشە ئاسوودەیە. هیواداراین ئەنجامەکان لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکان بن، پەنا بەخودا. جارێکی دیکە سوپاستان دەکەین بۆ پێشوازییەکەتان و زۆر خۆشحاڵم بە دیداری بەڕێزیان و سوپاس.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قەڵای شێروانە لە سنووری گەرمیان.

سبەی گەرمیان بەرزترین پلەی گەرمای دەبێت

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند سبەی شەممە بەرزترین پلەی گەرما لە ناوچەی گەرمیان تۆماردەکرێت، کە 48 پلەی سیلیزی دەبێت. نزمترین پلەش لە حاجی ئۆمەران دەبێت کە 30 پلەی سیلیزی دەبێت، عێراقیش لە 24 کاژێری رابردوو لە لیستی گەرمترین ناوچەکانی جیهان دەرهاتووە.