لە 75 رۆژدا 69 تۆن ماسی بە قەدەخە گیراو لە وان دەستی بەسەردا گیراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی قەدەخەی راوی ماسیی دارەخ لە وان، 185 راوچی دەستگیر کراون و بە نزیکەی 70 هەزار دۆلار سزادراون.
 
بەگوێرەی ئاماری فەرمانگەی بەرهەمە ئاوییەکانی وان کە سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیایە، لە ماوەی دوو مانگ و نیوی قەدەخەی راوەماسی لەو پارێزگایەدا، 69 تۆن ماسیی بە قەدەخە راوکراو دەستی بەسەردا گیراوە و بە گشتی بڕی 70 هەزار دۆلار سزا بەسەر ئەو ماسیگرانەدا سەپێندراوە.
 
ساڵانە 15ی نیسان تاوەکو 15ی تەممووز، ماسیگرتن لە دەریاچەی وانی باکووری کوردستان قەدەخەیە، چونکە ماسییە تایبەتەکەی دەریاچەی وان کە بە 'دارەخ' دەناسرێت، لەو ماوەیەدا گەرا دادەنێت. هاوکات ئەو وەرزە، وەرزی کۆچی ماسییەکانە و لە ئەگەری راوکردنیاندا رێگری لە زۆربوونیان دەکرێت.
 
ئەو قەدەخە سێ مانگییەی دانراوە بۆ زۆربوونی ماسیی دارەخە؛ هەر بۆیە لایەنی پەیوەندیدار چاودێرییەکی تووند دەخاتە سەر دەریاچەی وان.
 
محەممەد دەمیر، فەرمانگەی بەرهەمە ئاوییەکانی وان کە سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیایە رایگەیاند، "لە ماوەی دوو مانگ و نیوی قەدەخەی راوەماسیدا تیمەکان چاودێرییەکی چڕی کەناراو و دەریاچەکە دەکەن. لەو ماوەیەدا 69 تۆن ماسی دەستی بەسەردا گیراوە کە لەلایەن راوچییانەوە بە قاچاخ راوکرابوون. 16 تۆن لەو ماسییانە زیندوو بوون و گەڕێندرانەوە نێو دەریاچە."
 
دەمیر هەروەها ئاماژەی بە دەستگیرکرانی 185 راوچیی قاچاخ کرد و گوتی، حکومەت بە بڕەپارەی جیاواز سزای هەموویانی داوە و بە کۆی گشتی 2 ملیۆن و 250 هەزار لیرە سزایان پێ بژێردراوە کە دەکاتە نزیکەی 70 هەزار دۆلار.
 
ماسیی دارەخ تایبەتە بە دەریاچەی وان و لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهاندا ئەو ماسییە نییە. ئەو ماسییە سەرچاوەی بژێوی زیاتر لە 15 هەزار هاونیشتمانییە.