رووداو - سلێمانی
ئاراس دووکاندارە و دوای حەوت مانگ لە کارکردن لە دووکانێکی جلوبەرگ فرۆشتن، ئێستا بەهۆی بێبازاڕییەوە سەرقاڵی کۆکردنەوەی کەلوپەلەکانیەتی بۆ داخستنی شوێنی کارەکەی. ئەو دەڵێت، هێشتا زیانی دووکانەکەی نەبژاردووە، کەچی حکومەت سوپرایزی بۆ کردوون لە وەرگرتنەوەی پارەی پێشینەی هاوسەرگیرییەکەی.
ئاراس ئیسماعیل، دووکاندار دەڵێت، "قەرزداری دووکانەکەم بووم، خەمی ئەوەم بوو، نەمزانی کە حکومەت ئەو سوپرایزەی دانەوەی پێشینەکانی بۆ کردین و ئێستا لە گوماندام نازانم چۆن قەرزی هەردووکیان دابین بکەم."
ئەوانەی بوون بە کەفیل لە وەرگرتنی پێشینەکان، بەشێکیان دەڵێن، ئەوە بارگرانییە و دەبێت حکومەت لە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرە کەفیلەکەی ببڕێت.
بەپێی رێنوێنیی ژمارە 9ی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانبەری کەفیل دەبێت لە ماوەی دوو مانگدا ئەو کەسە ئاگادار بکاتەوە کە قەرزی پێشینەی خانووبەرە یاخود هاوسەرگیری و کشتوکاڵی لەلایە، ئەگەر قەرزە کەڵەکەبووەکانی نەگەڕێنێتەوە، ئەوا مانگانە 20%ی مووچەی کەفیل دەبڕدرێت.
شیرین حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە پسپۆڕییەکان رایگەیاند، "ماوەکەی هیچ درێژ ناکرێتەوە، چونکە دەبێت لە ماوەی دوو مانگدا هەموو قەرزەکان بگەڕێندرێتەوە و کەسی کەفیل ئاگادار بکرێتەوە."
کۆی گشتیی قەرزی پێشینەکانی حکومەت کە بە هاونیشتمانییانی داوە، چوار تریلیۆن دینار بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەمتر لە دوو تریلیۆن دیناری گەڕێندراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ