کەسێک بە چەک ھێرش دەکاتە سەر سەرۆکی شارەوانی ھەڵەبجە

03-07-2019
ئەمەل ناجی
نیشانەکردن سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە
A+ A-

رووداو - ھەڵەبجە

لە کاتی هەڵمەتی تیمەکانی شارەوانی هەڵەبجە و پۆلیس بۆ رووخاندنی شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ لە ناو پارێزگای هەڵەبجە، کەسێک رووبەڕووی تیمەکان دەبێتەوە و بەچەک هێرش دەکاتە سەریان، بەڵام پۆلیس رێگری لە تەقەکردن دەکات. 

ئەمەل ناجی، پەیامنێری رووداو لە هەڵەبجە رایگەیاند، ئەمڕۆ چوار شەممە (3-7-2019) لەکاتی دەوامی فەرمیدا سەرۆکی شارەوانی و تیمی پۆلیسی شارەوانی دوای رووخاندنی دوو گەوڕ و شوێنی ئاژەڵ، لەلایەن خاوەنی یەکێک لەو گەوڕانەوە بە چەک ھێرشیان دەکرێتەسەر، تیمی پۆلیسیش رێگری لە تەقەکردنی دەکەن.

کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانی ھەڵەبجە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ـی راگەیاند: دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوەی خاوەنی ئەو شوێنانەی لە ناو شاردا ئاژەڵ بەخێودەکەن بۆ لابردن و رووخاندنی شوێنەکانیان، ئەمڕۆ لەکاتی دەوامی فەرمیدا کاتێک سەرقاڵی رووخاندنی چەند شوێنێک بووین، خاوەنی یەکێک لە گەوڕەکان بە چەک ویستی رووبەڕووی تیمەکەمان ببێتەوە، بەڵام پۆلیس رێگریان لێکرد و نەیانھێشت تەقە بکات.

سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە ئەوەشی گوت "ناوی سیانی کەسەکەمان لەبەردەستدایە و سبەینێ خۆم داوای یاسایی لەسەر ئەو کەسە تۆماردەکەم".

بەھۆی وەرزی گەرما و بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش لەو شوێنانەی کە ئاژەڵی تێدا بەخێودەکرێت، شارەوانی ھەڵەبجە ئاگاداری ئەو هاونیشتمانییانەی کردووەتەوە بە ئاژەڵداری خەریکن شوێنەکانیان بڕووخێنن و لەنێو شار دووربکەونەوە، بەڵام خاوەنەکانیان ئامادە نەبوون ئەو شوێنانە بڕووخێنن، بۆیە شارەوانی ھەڵمەتی رووخاندنی ئەو شوێنانەی دەستپێکردووە، ئەمڕۆ چەند شوێنێک رووخێندراون و ھەڵمەتەکەش بەردەوامدەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە