ئاسۆ مامەند: نەک دەنگەکانمان لە کەرکووک کەم ناکات بەڵکو زیادیش دەکات

رووداو-هەولێر

لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی دەڵێ، کورسییەکانی یەکێتی لە کەرکووک نەک کەم ناکەن، بەڵکو رەنگە زیادیش ببێت، دەشڵێ دوای هەڵبژاردن قوفڵی چەند سندووقێک شکێنراوە و دەستکاری دەنگەکان کراوە، لەسەر ئەو بابەتەش سکاڵامان تۆمارکردووە و سکاڵاش تۆمار دەکەین و دەبێت قوفڵی سندووقەکان هاوتا بکرێنەوە.

ئاسۆ مامەند، لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 8:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی بۆچوونی یەکێتی لەسەر ئەژمارکردنەوەی دەنگەکانی کەرکووک و ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکرێت جیاوازییەکی زۆر لە ئەژمارکردنەوەی دەنگەکانی کەرکووک هەیە، رایگەیاند: "ئێستا نوێنەری کیاناتی سیاسی ئێمە گەیشتنەوە لای ئێمە، ئەو دەنگۆیانەی بەرەی تورکمانی کە پێش رووداوەکان کەوتوون، بۆ ئەوەیە ئاژاوە بخەنە نێو پێکهاتە و نەتەوەکانی کەرکووک و بۆ مەرامێکی تایبەتییانە".

ئاسۆ مامەند، دەڵێ: "سەرەڕای تێبینییەکانمان کە هەموو خەڵکی کەرکووک و کوردستان دەزانێت ژمارەیەک کۆگاکانی کەرکووک و داقووق لەژێر کۆنترۆڵی ژمارەیەک گرووپی چەکدار بوونە و دەستکاری سندووقەکان کراوە و قوفڵەکان شکێنراون، بەڵام سەرەڕای ئەوەی بەراوردی قوفل و سندووقەکانیش نەکراوە، ئەمڕۆ لە کەرکووک جیاکردنەوە و ئەژمارکردنەوە بە دەست بۆ 24 سندووق کراوە، لەو ئەژمارکردنەوەیە دەنگەکانی ئێمە نەک کەمی نەکردووە بەڵکو زیادیکردووە، لە کۆتایی پرۆسەکەش ژمارەکان هەمووی بڵاو دەکەینەوە".

لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی، دەشڵێ: "سکاڵامان تۆمارکردووەو بەیانیش سکاڵا تۆمار دەکەین لەسەر ئەو گرووپە چەکداریانەی دەستیان بەسەر سندووقەکاندا گرتووە و دەبێت بەراوردی قوفڵی ئەو سندووقانە بکرێن کە کراونەتەوە، چونکە لە 13-ی مانگی 5ـەوە ئەو سندووقانە لەژێر دەستی لایەنێکی دیاریکراو بووە".

بەگوتەی ئاسۆ مامەند، بەڵگەیان لەلایە قوفڵەکان شکێندراون و دەڵێت: "ئێمە بەڵگەمان لەلایە کە قوفڵەکان شکێندراون و دەنگی زیادە خراونەتە نێو ئەو سندووقانەوە، دەنگی ئێمە لە هەندێک لەو سندووقانە دەرهێندراوە و دەنگی دیکەی تێکراوە".

ئاسۆ مامەند، دەشڵێ: "ئەو سندووقانەی کە دەستکاری نەکراوە دەنگەکان لەکاتی ئەژمارکردنەوە بە دەست وەکو خۆی بووە، لەو سندووقانەشی کە قوفڵەکانی شکێندراوە جیاوازی هەیە".

بەگوتەی لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی "186 سندووقی کەرکووک نەژمێردراوە، لەکاتی ئەژمارکردنەوەیان بەدەست رەنگە کورسییەکانی ئێمە لە کەرکووک زیاد بکات".

پێشتر ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی لە بەیاننامەیەک رایگەیاندبوو "چاودێرمان لە نێو کۆگاکانی ئەژمارو جیاکردنەوەی سندووقەکانی دەنگدان لە کەرکووک هەیە، بەڵام ژمارەیان کەمن، مۆبایلەکانیان لێ وەرگیراوەو جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ئەو ئەنجامانە هەیە، کە پێشتر بە ئەلیکترۆنی راگەیێندراوە، لەگەڵ ئەوەی ئێستا کە بەدەست جیادەکرێنەوە".

لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق یەکێتی نیشتمانی کوردستان 6 کورسی بەدەستهێناوە و عەرەبەکان 3 کورسی و تورکمانەکان 3 کورسی و کورسییەکی کۆتاکان بەر مەسیحییەکان کەوت، بەڵام ئەو ئەنجامە ناڕەزایی لێکەوتەوە.

ژمارەیەک تانە لە ئەنجامەکان دران و بەگشتی 1416  تانە هەبوون، 137 تانەیان لە دەنگدانی تایبەت بوو، 27 تانە لەسەر دەنگدانی دەرەوە بوو. تانەکانی دیکە لەسەر دەنگدانی گشتیی بوون. لەو تانانە، 33 یان سوور بوون، 423 یان سەوز و 960 یان زەرد بوون.

بەپێی بڕیاری ژماردنەوەی ئەو بنکانەی سکاڵایان لەسەرە، پێشبینیدەکرێت ئەو دەنگانەی دەژمێردرێنەوە نزیکەی 3%ی دەنگەکانی عێراق بێت. لە کۆی 45 هەزار بنکە، 1000 بنکە سکاڵایان لەسەرە، لەو ژمارەیە نزیکەی 68 یان لە کەرکووکە.

لە کەرکووک هەریەک لە بەرەی تورکمانی، گردبوونەوەی عەرەبی، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامیی، یەکگرتووی ئیسلامیی، هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، پەنجەی تۆمەت ئاراستەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەکەن بە ئەنجامدانی ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکانی 12ی ئایاری رابردوو لە کەرکووک، بەڵام یەکێتیی رەتیدەکاتەوە.

 پێداچوونەوە؛ عومەر شایان