قه‌ده‌خەی خۆپیشاندان و چالاکی له‌ جۆلەمێرگ راگەیێندرا

رووداو دیجیتاڵ

بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە کاردانەوەیەکی بڕیاری دەستبەسەرکردنی سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ، قەدەخەی هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپیشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونه‌وه‌ و خێوه‌ت هه‌ڵدان لە جۆلەمێرگ بۆ ماوەی 10 رۆژ راگەیێندرا. 
 
شەوی رابردوو، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگیان لە پارێزگای وان دەستبەسەرکرد و بەیانی ئەمڕۆش دووشەممە پۆلیسی جۆلەمێرگ هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی شارەوانیی شارەکە و پشکنینیان کرد. بەو هۆیەوە خەڵک لەبەردەم بالەخانەی شارەوانیی جۆلەمێرگ گردبوونەوە. 
 
بۆ رێگرتن لە هەر جۆرە کاردانەوەیەک، پارێزگاری جۆلەمێرگ لە راگەیێندراوێکدا قەدەخەی هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپیشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونه‌وه‌ و خێوه‌ت هه‌ڵدان بۆ ماوەی 10 رۆژ راگەیاند. 
 

لە راگەیێندراوەکاندا هاتووە "لەپێناو یەکڕیزیی گەل، یەکپارچەیی وڵات، پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، رێگریکردن لە تاوان، پاراستنی تەندروستیی گشتی و رێگریکردن لە تووندوتیژی، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ‌ئەلیف و جیم لە 11ـیەمین ماددەی یاسای ژمارە 5442ـی بەڕێوەبردنی شارەکان و 17ـیەمین ماددەی یاسای ژمارە 2911ـی چالاکییەکان، کۆمەڵێک رێوشوێن گیراونەتەبەر."
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، لە کاژێر 00:00ـی رۆژی 3ـی حوزەیران تاوەکو کاژێر 23:59ی رۆژی 13ـی حوزەیرانی 2024 بۆ ماوەی 10 رۆژ بەدەر لەو چالاکییانەی لەلایەن پارێزگا و قایمقامییەتەکانەوە مۆڵەتیان پێدەدرێت، هەموو جۆرە گردبوونەوەیەک و چالاکییەک قەدەخەکراوە.