عەبدولڕەحیم سەماڤی: تورکیا دەیەوێت راستەوخۆ دانوستاندن لەگەڵ پەیەدە بکات

 
رووداو دیجیتاڵ

شرۆڤەکارێکی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، تورکیا نیگەرانە لە نزیکبوونەوە و هاوبەشیی پەیەدە لەگەڵ ئەمریکا و رۆژئاوا، بۆیە دەیەوێت پەیەدە راستەوخۆ دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی تورکیا بکات. دەشڵێت، تورکیا خۆی هۆکار بووە کە پەیەدە لە ئەمریکا نزیک ببێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 3ی حوزەیرانی 2024 عەبدولڕەحیم سەماڤی، شرۆڤەکاری سیاسیی رۆژئاوای کوردستان میوانی بوولتەنی رۆژئاوای تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە دلبخوین دارا پێشکێشی دەکات و گوتی، "دانوستاندن و رێککەوتنی رۆژئاوای کوردستان و تورکیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش مسۆگەر دەبێت، ئێستا تورکیا پێیوایە نزیکبوونەوەی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی بەرژەوەندییەکانی تورکیایە و دەیەوێت گەل و بزووتنەوەی رۆژئاوا راستەوخۆ دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی تورکیا بکەن."
 
عەبدولڕەحیم سەماڤی دەڵێت، "تورکیا پێیوایە پەیەدە لە لایەک سەر بە سووریا و ئێرانە و لە لایەکی دیکەشەوە سەر بە ئیسرائیل و ئەمریکایە، دەیەوێت یەک هەڵوێست بن و راستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی تورکیا دانوستاندن بکەن، بە بۆچوونی تورکیا، کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەبێ تورکیا ناتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن."
 
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە لەو باوەڕەدایە، سنووری نێوان رۆژئاوا و باکووری کوردستان دەرگای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە بۆ تورکیا "بۆیە تورکیا نایەوێت ئەو دەرگایە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دابخرێت و دەیەوێت لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بێت."
 
لەبارەی دانوستاندنی نێوان پەیەدە و تورکیا، عەبدولڕەحیم سەماڤی باسی لەوە کرد، "ساڵی 2014 ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی ئەوکاتی پەیەدە سەردانی تورکیای کرد بۆئەوەی دەست بە دانوستاندن بکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەحمەد داوود ئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا بە باشی پێشوازیی لەو هەنگاوە نەکرد، پەیەدە لە دانوستاندنەکە سارد بووەوە و لە ئەمریکا نزیکبووەوە."
 
ئەو زیاتر روونی کردەوە و گوتی، "ئێستاش ئەگەر پەیەدە هەنگاوی ئەرێنی بنێت، جارێکی دیکە چانسی دانوستاندنیان لەگەڵ تورکیا دەبێت، بەڵام تاوەکو لە ئەمریکا و ئیسرائیل نزیک بن، ئەو چانسەیان نابێت."
 
وەکو ئەو شرۆڤەکارە سیاسییەی رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی پێدەدات، "تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان دژی نەتەوەی کورد نییە، لەو باوەڕەدایە، ژمارەی کوردانی رۆژئاوا کە نزیکەی چوار ملیۆن و 500 هەزار کەسن، ئێستا نزیکەی دوو ملیۆنیان رۆژئاوایان جێهێشتووە. بۆیە تورکیا دەڵێت، پەیەدە لەسەر ئیرادە و داخوازیی کوردی رۆژئاوا دەسەڵاتی نەگرتووەتە دەست و بە نوێنەری راستەقینەی رۆژئاوای نازانێت."