لە سێ گوندی عەفرین دەست بەسەر زۆربەی ماڵ و موڵکی کورددا گیراوە

03-06-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی مەمالا-ی سەر بە ناحیەی راجۆی عەفرین، 66%ی ماڵی هاونیشتمانییانی کورد لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا و عەرەب و تورکمانە هاوردەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و داگیر کراون.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە چالاکڤانێکی کوردی خەڵکی گوندەکە دەستیکەوتووە، جگە لە ماڵ، کەلوپەل، ئامێرە کشتوکاڵییەکان و ئامێرەکانی گواستنەوە؛ زەوییە کشتوکاڵییەکانی خەڵکیش لەلایەن گرووپە چەکدارەکان و عەرەب و تورکمانە هاوردەکانەوە داگیر و تاڵان کراون.
 
بەپێی ئەو ئامارانەی رووداو لە دوو گوندی عەفرین وەریگرتووە، لە گوندی مامەلا تەنیا 24 ماڵی کورد ماون، 46 ماڵی هاوردە تێیدا نیشتەجێ کراون. هەروەها لە گوندی عەتمانا، ئێستا 127 ماڵ هەن کە 66یان کوردن و ژمارەیان 223 کەسە، 61 ماڵی هاوردەش هەن کە ژمارەیان 356 کەسە.
 
هاوکات لە گوندی بافەلوونێی سەر بە ناحیەی شێراواش، کە گوندێکی کوردانی ئێزدییە لە هەرێمی عەفرین، 55 ماڵ بە تەواوەتی داگیر کراون.
 
مامەد جمۆ، کەسایەتیی کوردی ئێزدی لە عەفرینەوە بە رووداوی راگەیاند، جگە لە خانوو، تەواوی ماڵ و موڵکی دانیشتووانی گوندەکە داگیر و تاڵان کراون.
 
لە هەرێمی عەفرین، سەرەڕای دەستبەسەرداگرتنی ماڵی هاونیشتمانییانی کورد، 40 کۆمەڵگەی نیشتەجێکردنیش بۆ عەرەب و تورکمانە هاوردەکان دروستکراون. هەروەها دەیان کەمپیش لەو هەرێمەی رۆژئاوای کوردستان دروستکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە