کشتوکاڵی مهاباد: پێشبینی دەکەین بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ بگاتە 100 هەزار تۆن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مهاباد دەڵێت، پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ بەرهەمی گەنم لە شاری مهاباد لەنێوان 98 هەزار تاوەکو 100 هەزار تۆن بێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 3ی حوزەیرانی 2024 سەلاحەدین حەقگوی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مهاباد رایگەیاند، ئەم ساڵ لە رووبەری 50 هەزار و 500 هێکتار زەویی سنووری ئەو شارە گەنم چێندراوە؛ 5500 هێکتاری بەرئاوە و 45 هەزار هێکتاری دیکەی دێمە.
 
سەلاحەدین حەقگوی گوتی، پار بەرهەمی گەنم لە مهاباد 85 هەزار تۆن بوو، لەو بڕەش 63 هەزار تۆنی لەلایەن ناوەندەکانی وەرگرتنی گەنمەوە لە جووتیاران وەرگیرا. ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینییەکە بەو جۆرەیە کە ئەم ساڵ بڕەکە لەنێوان 98 هەزار تاوەکو 100 هەزار تۆن بێت.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مهاباد، ئەم ساڵ نۆ ناوەند بۆ کڕین و وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی مهاباد دەستنیشان کراون.
 
حکومەتی ئێران بڕیاری داوە، بۆ ئەم ساڵ یەک کیلۆ گەنمی ئاسایی بە 17500 تمەن (30 سەنت) و یەک کیلۆ گەنمی پلە یەکیش بە 18 هەزار تمەن (31 سەنت) لە جووتیاران بکڕێت.
 
شاری مهاباد لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە 80 هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی و باخی هەیە و یەکێک لە ناوەندە کشتوکاڵییە گرنگەکانی ئەو پارێزگایەیە.