پەرلەمانتارێک داوا دەکات دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە ئیقامە سەردانی نەینەوا بکەن

03-06-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانتارێکی نەینەوا داوا لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەکات، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەبێ ئیقامە نەتوانن سەردانی پارێزگاکە بکەن. 
 
رۆژی دووشەممە 03-06-2024 عەبدولرەحیم شەممەری، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق، نووسراوی بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کرد تێیدا باس لەوەدەکات، "خەڵکی نەینەوا کاتێک دەچنە هەرێمی کوردستان دەبێ مۆڵەتی مانەوەیان هەبێ، ئەوەش پێشێلکردنی هەموو یاسا و نەریتەکانە".
 
شەممەری کە ئەندامی لیژنەی دەستپاکییە داوا لە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە دەکات "سەپاندنی مۆڵەتی مانەوە (ئیقامە)ی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەکاتی سەردانیان بۆ پارێزگای نەینەوا بخرێتە دەنگدانی ئەنجوومەنەکە. ئیدارەی خۆجێیی لە نەینەوا پابەندی جێبەجێکردنی بکەن، ئەو کارەش لەسەر بنەمای مامەڵەکردنی هاوشێوەیە".
 
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی دووشەممە 03-06-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "داواکردنی مافی مانەوە لە هەرێمی کوردستان نەماوە، ئەوەی هەیە تەنیا وردبینی ئەمنییە لە بازگەکان دەکرێت".
 
بەگوتەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، عەبدولرەحیم شەممەری بەوە ناسراوە کە بەردەوام لێدوان لە دژی کورد و هەرێمی کوردستان دەدات. دەشڵێت: "داواکارییەکەی نادەستووری و نایاساییە، تەنیا بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردنە و ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بڕیاری لەم شێوەیە نادات".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عادل عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق.

وەزیرى نەوتی عێراق: شەممە کۆبوونەوەکان بۆ هەناردەکرنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکەنەوە

وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، شەممەی داهاتوو شاندێکى وەزارەتى سامانە سرووشتیەکانی هەرێمی کوردستان سەردانى بەغدا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستاندنەکان بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت. دەشڵێت، "وەزیرى دارایی بە نووسراو بەڵێنى داوە پارەى کۆمپانیاکانى نەوت خەرج بکات".