پەرلەمانی عێراق خشتەی بودجەی 2024ـی پەسند کرد

رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانی عێراق خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ـی پەسندکرد، جگە لە گۆڕانکاریی و گواستنەوەی دوو تریلیۆن دینار لە بودجەی وەزارەتەکانەوە بۆ پارێزگاکان، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لەو خشتەیە نەکرا کە بۆ پەرلەمان نێردرابوو.
 
شیروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەمێک لەمەوپێش پەرلەمانی عێراق خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ـی بە هەندێک گۆڕانکاریی کەمەوە پەسندکرد.
 
شیروان دووبەردانی گوتی، "ئەو گۆڕانکارییەی کراوە، لەسەر بنەمای راپۆرتی لیژنەی دارایی بووە، کە بریتیبوو لە گواستنەوەی دوو تریلیۆن لە پشکی وەزارەتەکانەوە بۆ پشکی پارێزگاکان".
 
بودجەى عێراق بۆ 2024 زیاتر لە 211 تریلیۆن دینارە کە نزیکەى 12 تریلیۆن دینارى بەراورد بە ساڵى 2023 زیاتر بووە. لەو بڕە پارەیە 20.9 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە بۆ ساڵێک، کە نۆ ترلیۆن و 55 ملیار دینارى بۆ مووچەیە.