بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق کۆبوونەوەی لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستانی راگرتووە
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی کوردستان دەڵێت، لەدوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی پەرلەمانی کوردستان، کۆبوونەوەی لێژنەکانی پەرلەمانی کوردستان راگیراون و هیچ چالاکییەکی فەرمی نەکراون.
رۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە بڕیارێکدا سەبارەت بە سکاڵایەکە رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نایاسایی بووە؛ بەگوێرەی بڕیارەکە، هەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە کە لەو پەرلەمانەوە دراون (واتا دوای 6ـی 11ـی 2022)، بە پووچەڵ دەژمێردرێن.
رۆژی شەممە 3ـی حوزەیرانی 2023، عوسمان کەریم سوارە، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵییەوە، هیچ کۆبوونەوەیەکی لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان نەکراون".
کۆنەبوونەوەی لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکدایە؛ لەکاتی پشووەکانی وەرزی یاسادانانیشدا، کۆبوونەوەی لیژنەکان راناگیرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵییەوە چالاکی فەرمیی لە پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەنەچووە، بەڵام ژووری فراکسیۆنەکان کراوەن و هەر پەرلەمانتارێک بیەوێت، دەچێتە پەرلەمان و بەشێکی پەرلەمانتارانیش نەچوونەتەوە پەرلەمان.
عوسمان کەریم سوارە گوتی، ئەوان بە فەرمی هیچ بڕیارێکیان پێنەگەیشتووە کە کۆبوونەوە و داهاتووی پەرلەمانی کوردستان چی بەسەردێت. گوتیشی "ئێمە، بڕیار لە هەرێمی کوردستان وەردەگرین نەک شوێنی دیکە، هەروەها بڕیار لە حیزبەکانمانەوە وەردەگرین و تائێستا بڕیاری فەرمیمان پێنەگەیشتووە".
سکاڵا دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە ناوی سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق پێشکێشکرابوو، دوای ئەوەی لەگەڵ سێ سکاڵای دیکەدا یەکخران کە لە لایەن یوسف محەممەد، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان پێشکێش کرابوون.
لە کۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ 31-12-2023 درێژکرایەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 تەمەنی خولەکە کۆتایی دەهات.