رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، کامێرای تیژڕۆیی ناسراو بە خاڵ بۆ خاڵ لە هەموو رێگە سەرەکییەکانی سنووری پارێزگاکەدا دادەنرێت. دەشڵێت، "هیوادارین لە زووترین کاتدا" کامێراکان دابنرێن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر لە میانی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، رایگەیاند، بەپێی ئەو پلانەی وەزارەتی ناوخۆ هەیەتی، لە هەموو هەرێمی کوردستان کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ دادەنرێن.
پارێزگاری هەولێر باس لەوە دەکات، لە سنووری پارێزگاکەیدا لە رێگە سەرەکییەکانی چوون و هاتن کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دادەنرێن، هەروەها لەنێو شاریش ئەو کامێرایانە دادەنرێن. دەشڵێت، بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە دانانی ئەو کامێرایانە دەکەن کە وەکو خۆی دەڵێت، لە بەرژەوەندیی خەڵکە.
لەبارەی کێشەی گەڕەکی هەشتی حەسارۆک لە هەولێر کە نزیکەی 20 ساڵە بەردەوامە؛ ئومێد خۆشناو گوتی، زۆر هەوڵدراوە بۆ چارەسەری کێشەکە و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان خۆی چووەتە شوێنەکە. دەشڵێت، یەکەم داواکاریی خەڵک خاوەندارێتیی زەوییەکان بوو، ئەوە بەڵینیان پێدرا و ئەوەیان بۆ کرا، دووەم رێگەپێدان بوو؛ ئەوەش کرا و خەڵك دەتوانن لە یەک پەنجەرە مامەڵەکانیان بەڕێبکەن.
بە گوتەی ئومێد خۆشناو، خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک داوایان کرد زەوییەکان دابەشی دوو بکرێت، "بەڵام ئەوە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە" و گوتیشی، 20 هەزار زەوی ئەگەر دابەشی دوو بکرێت، دەبێتە 100 هەزار پارچە زەوی، بۆیە بڕیار نییە دابەشی دوو بکرێت.
پارێزگاری هەولێر باسی لەوە کرد، شەقامی 60 مەتریی لە هەشتی حەسارۆک کراوە، هەروەها زەوییەکانیشیان بۆ دیاریکراوە، بەڵام ئەگەر حکومەتی عێراق بودجە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەو کات دەتوانن خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ گەڕەکەکە رابکێشن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ