دڵشاد شەهاب: دەستبەرداری پەرلەمان نابین و هەموو هەوڵەکان بۆ هەڵبژاردن دەخەینەگەڕ

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە هەنگاوی جیدی دەنێت. سەبارەت بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی عێراق لەبارەی نایاساییبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەو بریارە وایکرد دەسەڵاتی یاسادانان لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت، "ئێمە دەستبەرداری پەرلەمان نابین و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە داهاتوویەکی نزیکدا."
 
پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، 3/6/2023 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، به‌ بانگهێشتێکی فه‌رمی بۆ به‌شداری له‌ رێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌کاربوونی ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رکۆماری تورکیا، گه‌یشته‌ ئه‌نقه‌ره‌ بۆ به‌شداری له‌ رێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌کاربوونی سەرۆککۆماری تورکیا.
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان میوانی بووڵتەنی کاژێر 15:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هێڤیدار زانا پێشکێشیکرد و رایگەیاند؛ "پەیوەندییەکانی سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمیشە رەنگدانەوەیەکی ئەرێنییان هەبووە لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق، لە چەندین قۆناخدا توانیویەتی رۆڵی کاریگەر لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا ببینێت".
 
کاژێر 15:00 رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە پەرلەمانی تورکیا سوێندی یاسایی خوارد و بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونی لە لایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی کاتیی پەرلەمانەوە رادەست کرا. ژمارەیەک سەرۆک و سەرکردە بۆ رێوڕەسمەکە بانگهێشتکراون، لەوانەش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
 
دڵشاد شەهاب دەڵێت، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عێراق و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کەسایەتییەکی خاوەن پێگەیە و بە هەڵبژاردنی کەناڵەکانی گفتوگۆ و دیپلۆماسی، توانیویەتی مێژوو و دەستکەوتێکی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەستەبەر بکات، هەر لەو سۆنگەیەوە، هەرێمی کوردستان هەمیشە ویستوویەتی لە رێگەی دیپلۆماسی و ئاشتەوایی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ درێژە پێبدات".
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە؛ "زۆرجار ئاستی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا گەیشتووەتە قۆناخێک کە رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەبووە، بەڵام ئەو پەیوەندی و دۆستایەتییە تایبەتەی سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە مێژوویەکی کۆنی هەیە و تائێستا رۆژ لەدوای رۆژ بەرەوپێشتر دەچێت، لەڕووی سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسییەوە بە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا شکاوەتەوە".
 
رۆژی 31-5-2023 سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان قسەی کرد و پیرۆزبایی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆککۆماری تورکیا لێکرد. 
 
هەردوو سەرۆک لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەگەڵ ئەنقەرە قسەیان کرد و رەجەب تەیب ئەردۆغان بە فەرمی نێچیرڤان بارزانی بۆ رێوڕەسمی سوێندخواردنەکەی بانگهێشت کرد.
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە؛ "یەک لە خاڵە درەوشاوەکانی هەرێمی کوردستان ئەو تێڕوانینە بووە کە هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا و بەشێک نەبێت لەو کێشانەی روودەدەن، بەڵکو بەشێک بێت لە چارەسەری کێشەکان".
 
بە گوتەی دڵشاد شەهاب؛ "پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا لەڕووی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری و تەنانەت لەڕووی خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتیشەوە رەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەر خەڵکی کوردستان و عێراقیشدا هەبووە".
 
دڵشاد شەهاب بە دووری دەزانێت ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەوەی دووقۆڵییان هەبێت و لەبارەی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە گوتی: "پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەندە نییە کە چاوەڕوانی دەرفەتێک بکرێت بۆ ئەوەی لەبارەی پرسی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە گفتوگۆ بکەن، بەڵکو پەیوەندییەکی بەردەوام لەنێوانیاندا و لە داهاتوویەکی نزیکدا کار لەسەر پرسی هەناردەکردنی نەوتیش دەکرێت".
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە هەیە، جێگەی گرنگیپێدانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانن و لە هەموو دەرفەتەکاندا هەوڵی چارەسەرکردنی داون".
 
رۆژی 25ـی مانگی ئادار هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیرا، دوای ئەوەی دەستەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی کە کەیسێکی لەنێوان تورکیا و عێراق لە بەرژەوەندیی ئەمەی دوایی یەکلاییکردەوە و بڕی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلاریش پێبژاردنی بەسەردا سەپاند بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدا، سکاڵاکەش لە ساڵی 2014ـەوە پێشکێشکرابوو و ماوەی چەند ساڵێکە چەند جارێک سڕکرابوو.
 
تائێستا کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و تورکیادا بەبێ چارەسەرکردن ماوەتەوە و وەکو دڵشاد شەهاب ئاماژەی پێدەدات؛ "ئەو ئاڵۆزییانەی بوونە هۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کاریگەری نەرێنی لەسەر بودجەی عێراق و هەرێمی کوردستان بەجێهێشت، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێتە کاری هەرە لەپێشینەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەنگاو بۆ چارەسەرکردنیان دەنێت".
 
سەبارەت بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی عێراق بۆ بە نایاسایی ناساندنی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بەر لە بڕیاری دادگە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش چەندینجار هۆشدارییاندا کە دەبێت ناکۆکییەکان وەلابنرێن و بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بخرێتە پێشەوەی هەموو ناکۆکییەکان". 
 
دڵشاد شەهاب گوتیشی، "لە دوو ساڵی رابردوو هەوڵێکی زۆر درا و چەندین کۆبوونەوە و پەیوەندیی فەرمی و تاکەکەسی و سەرجەم کەناڵە بەردەستەکان خرانەگەڕ بۆ ئەوەی تووشی ئەم رۆژە نەبین. هەر ئەوکاتیش سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە روونی رایگەیاند لەگەڵ ئەوە نییە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان درێژبکرێتەوە".
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەناوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکات "لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە، چونکە ئەوەی لە رابردوودا روویدا زیانی بە هەموومان گەیاند".
 
رۆژی سێشەممە، 30-05-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا کە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە.
 
رۆژی 9ـى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لە کاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی هات.
 
بە گوتەی دڵشاد شەهاب، "سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئامادەکاری بکرێت و هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت".
 
یوسف محەممەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کە یەکێک بوو لە لایەنە سکاڵاکارەکان لە دادگەی فیدراڵی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان کارا نەبووەتەوە، داوامان کردووە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان بکات.
 
یوسف محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، هەر بڕیار و یاسایەک دوای درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی پەرلەمانی کوردستان لە 6-11-2022ـەوە لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووبێت "نایاسایی و نادەستوورییە".
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە "گرنگ نییە کێ سەرپەرشتی ئەو هەڵبژاردنە دەکات یان میکانیزم و یاساکانی چی دەبن، بەڵام گرنگ ئەوەیە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و خاوەنی هەرسێ دەسەڵاتەکان بێت".
 
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەکرد کە "ئێستا بەهۆی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی دەسەڵاتی یاسادانان لە هەرێمی کوردستان نەماوە و درێژەکێشانی ئەو دۆخەش رەنگدانەوەی لەسەر دەسەڵاتەکانی دیکەش دەبێت. بۆیە دەستبەرداری پەرلەمانی کوردستان نابین و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتوویەکی نزیکدا هەڵبژاردن بکرێت و خولی شەشەمی پەرلەمان دەستبەکار ببێت".