رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، نێچیرڤان بارزانی هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان دەدات و دەشڵێت: "هەفتەی داهاتوو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیدار و کۆبوونەوەی زیاتری بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخەکە و نزیکبوونەوەی زیاتری لایەنەکان دەبێت."
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی 03-06-2022 رایگەیاند، ئەو هەوڵانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرەو کۆکردنەوەی هەموو لایەنەکانە بۆئەوەی بگەنە چارەسەرێک بۆ کێشەکان و گوتیشی: "گەشبینم و پێویستە گەشبین بین لەو بوارانەدا؛ بەڕاستی ئەوەی کە ئێمە بینیومانە لە لایەن هەموو لایەنەکانەوە، لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لایەنە ئیسلامییەکان و پێکهاتەکان، هەموویان بۆچوونیان ئەوەیە کە چەتری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەتوانایدایە کۆیان بکاتەوە بەرەوە لێکتێگەیشتنێک و بەردەوامین لەوە."
لەبارەی ئەوەی کە هەفتەی داهاتوو دانیشتنی نێوان پارتی و یەکێتی بەڕێوەدەچێت، فەوزی هەریری گوتی، ئەوان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئامادەن پێشوازییان لێبکەن و رایگەیاند: "پێویستە ئەو دوو پارتە سیاسییە خۆیان ئەو بڕیارە بدەن؛ ئێمە هیوادارین ئەو بڕیارە بەو ئاستە بدرێت کە پێکەوە جارێکی دیکە دانیشتن بکەن."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 01-05-2022 و لە پەیامی تایبەت بە جەژنی رەمەزاندا رایگەیاند: "داوا له پارتى و يهكێتى وهك دوو هێزى سهرهكى و ههموو لايهنه كوردستانييهكان دهكهم، جهژن بكهنه دهرفهتێك و لهسهر بنهماى بهرژهوهنديى باڵاى گهل و وڵات، ههرچى كێشه و ناكۆكى ههيه بهلاوه بنێن؛ خۆيان له ههڵمهت و پهلامارى ميديايى و يهكترشكاندن بپارێزن."
رۆژی 22ی ئایاری 2022، لە رێوڕەسمی دەرچوونی خولی 6ی ئەفسەران و خولی 16ی پێشمەرگە لە کۆلێژی سەربازیی 3ی قەڵاچوالان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بەشێکی قسەکانیدا رایگەیاند: "بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان و کاریگەرییەکانی بەسەر بارودۆخی کوردستانەوە، ئێمە وەکو ئەرکی یاسایی خۆمان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەر هەوڵمانداوە و هەوڵدەدەین، بەردەوام لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتوگۆمان کردووە و دەیکەین. بە خۆشحاڵییەوە دەڵێم، ئێستا زەمینەیەک هاتووەتە پێشەوە بۆ نەرمی نواندن و گفتوگۆ لەگەڵ یەکدی، شەڕی راگەیاندنیش هەندێک کەمبووەتەوە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکاندا گوتی: "لەڕاستیدا ئێمە ناکۆکیی زۆر گەورەی ئەوتۆمان نییە کە چارەسەر نەکرێت، بەڵام هەندێکجار بەربەستی دەروونی بۆ دانیشتن لەگەڵ یەکدی دروستدەکەین؛ ئەم دۆخە زۆرجار لەناو یەکێتی و پارتیدا دروستدەبێت کە بەڕاستی جێی ناڕەحەتیی هەموو گەلی کوردستانە. لە رابردوودا هەر وامانکردووە و ئێستاش هەر دەبێت وا بکەین کە پێویستە حکومەت، پەرلەمان، دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نەکرێنە گۆڕەپانی ململانێی حیزبی و دەبێت هەمیشە دووربن لەو ململانێیە. داهاتی هەموو هەرێمی کوردستان بۆ هەموو فەرمانبەران و هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە، لە هەمان کاتدا دەبێت بڕیارەکانی حکومەت و هەموو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بە لەیەکدی تێگەیشتن لە هەموو ناوچەکان وەکو یەک جێبەجێ بکرێن."
هەمان رۆژ نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، سەڵاحەدین محەممەد بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کۆبووە و سەردانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سلێمانی- هەڵەبجەی پارتیشی کرد.
رۆژی چوارشەممە 25ـی ئایاری 2022، له سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان كۆبوونهوهى هاوبهشى ههردوو مهكتهبى سياسيى پارتى ديموكراتى كوردستان و يهكێتيى نيشتمانيى كوردستان بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی بەڕێوەچوو.
لەبارەی ئەو دەسپێشخەرییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی: "بێگومان جەنابیان لە یەکەم رۆژەوە قسەی کردووە و هەوڵیداوە هەموو بۆچوونەکان لەیەکتر نزیک بکاتەوە، بەهیچ شێوەیەک هەڵچوونێک نەبووە لە قسەکانی یان کەمکردنەوەی لایەنێک لەسەر لایەنێکی دیکە؛ هەموو براین و هەموو لەژێر ئەو چەترە دەژین؛ هەموومان لەیەک ماڵین؛ ئەگەر شتێک رووبدات، بەسەر لایەنێک بە تەنیا روونادات، بەڵکو بەسەر هەموو ئەم خەڵکە روودەدات؛ بۆچوونی جەنابیان ئەوەیە کە دەبێت بەرژەوەندییەکانی میللـەتی خۆمان لەسەرووی بەرژەوەندی تەسکی لایەنەکان بێت؛ پێویستە سەرکردەکان لەگەڵ یەکدی دابنیشن و ئەو بابەتانە چارەسەر بکەن؛ وەکو جەنابیان هەمووجار ئاماژەی بۆ دەکات کە کێشەکان ئەوەندە قورس نین؛ بۆیە من گەشبینم و هیوادارم هەفتەی داهاتوو دانیشتنی زیاتر لەژێر چاودێریی جەنابیان بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ