رووداو دیجیتاڵ
یەکی ئەم مانگە بەهۆی تۆپبارانی تورکیا لە گوندی هروور، هاونیشتمانییەکی بەتەمەن برینداربوو، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، داوایان لە وەزیری تەندروستی، پارێزگاری دهۆک و تەندروستیی دهۆک کردووە لە نزیکترین کاتدا بنکەیەکی تەندروستی و ئەمبوڵانس لەو گوندە دابنێن.
رێڤین هرووری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیاتر لە ساڵێکە ئەو داوایەیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
پێویستیی گوندەکە بۆ ئەمبوڵانس و بنکەی تەندروستی بەجۆرێکە وەکو رێڤینگ هرووری باسی کرد، ئەگەر لە شەودا رووداوێک روو بدات یان کەسێک بەهۆی تۆپباران و شەڕی تورکیا و پەکەکە بریندار ببێت، ئەوا "هاتووچۆ مەترسیدارە و تاوەکو دەگەنە بێگۆڤا، مەترسییان لەسەرە."
هرووری هیوایشی خواست کە داواکەیان بە زووترین کات جێبەجێ بکرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممەش رووداو پەیوەندی بە رێڤین هروورییەوە کرد، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا داواکارییەکە جێبەجێ نەکراوە.
رۆژی سێشەممە، هاونیشتمانییەکی گوندی هروور بەناوی رەمەزان عەلی بەهۆی بەرکەوتنی پارچە تۆپەوە لە تۆپبارانی تورکیا لە گوندی هروور برینداربوو.
ئەوە لەکاتێکدایە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانییەوە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەوان بەپێی یاساکانی ناتۆ کار دەکەن، پێشتر ئامانجەکان دیاری دەکەن و دواتر هێرشی دەکەنەسەر. "لە ئۆپەراسیۆنەکانیشماندا پاراستنی خەڵکی سڤیل و سەر و ماڵیان، مێژوو و کولتوور و سرووشتی ناوچەکەش، ئامانجی سەرەکیمانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ