ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک: تورکیا تۆپ و گوللەی سووتێنەر بەکاردەهێنێت

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک دەڵێت، بەهۆی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ پەکەکە، ئێستا تورکیا هەندێک تۆپ و گوللە بەکاردەهێنێت کە هێزی سووتانەکەیان زۆر بەرزە.
 
فەهیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک لەبارەی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا تورکیا هەندێک تۆپ و گوللە بەکاردەهێنێت کە توانای سووتاندنیان هێندە بەرزە ئەگەر ناوچەکە سەوزاییش بێت وشکی دەکات."
 
لەبارەی داربڕین لە سنووری پارێزگای دهۆک و دانانی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە سنووری پارێزگاکە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک  دەڵێت "تورکیا هەر هەنگاوێک بێتە پێشەوە، رێگا بۆ ئەو ناوچەیە دروست دەکات و دەچێتە ناوی."
 
بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا تاوەکو ئێستا چەند گوندێک لە سنووری دهۆک و زاخۆ چۆڵکراون، فەهیم عەبدوڵڵا دەڵێت "لە گوندی شکێلکا لە سنووری زاخۆ بگرە تاوەکو دەگەیتە کێلەشینە و ئەو گوندانەی سنوور، یان چۆڵکراون یان لەژێر هەڕەشەی چۆڵکردن دان." 
 
فەهیم عەبدوڵڵا رەخنەی لە هەڵوێستی لایەنی عێراقی لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنی تورکیا گرت و گوتی: "هەڵوێستەکانی حکومەتی عێراق لەئاستی ئۆپەراسیۆنی تورکیادا زۆر شەرمنانەیە."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک روونیدەکاتەوە کە "خەڵکی گوندەکانی هرورێ، کێستە و چەند گوندێکی دیکە سوورن لەسەرئەوەی کە شوێنەکانی خۆیان جێناهێڵن، بەڵام کاتێک ئەو گوندانەش ژیانی تێدا نەما حیسابی گوندێکی چۆڵبووی بۆ دەکرێت."
 
زیاتر لە 40 رۆژە سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی بۆسەر ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین، حەفتانین و مەتین لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستپێکردووە؛ لیژنەیەکیش بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ئۆپەراسیۆنەکە پێکدەهێندرێت.
 
لە شارۆچکەی کانی ماسێی سەر بە قەزای ئامێدی، لیژنەیەک بۆ تۆمارکردنی زیانەکان پێکهێندراوە. ئەندامێکی لیژنەی تۆمارکردنی زیانەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی فەرمانێکی کارگێڕیی شارۆچکەی کانی ماسێ، لیژنەی قەرەبووکردنەوە بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری ناحیە و ئەندامێتیی هۆبەی دارستان، چاندن و شارەوانی و بەرگریی شارستانی پێکهاتووە. ئەو کەسەی سەردانی شاندەکە دەکات پێویستە دوو شاهێدی هەبێت و ئەنجوومەنی گوندیش زیانەکانی پەسند بکات.
 
عەبدولعەزیز محەممەد تاهیر، بەڕێوەبەری هۆبەی چاندنی ناحیەی کانی ماسێ و ئەندامی لیژنەکە لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "بەکاتی دهۆک"ی رادیۆی رووداودا گوتی، "لە کێستەوە دەستمان پێکردووە؛ ژمارەیەک گوند زیانیان بەرکەوتووە. نەخشەیەکمان داناوە بۆئەوەی هەر رۆژێک لە گوندێک خەڵک بێت بۆ ناونووسین".
 
لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای تورکیاوە نزیکەى حەوت هەزار دۆنم زەوی لە سنووری شەش گوندى پارێزگاى دهۆک سووتاون. خەڵکی گوندی کەشانان و نزورێ دەڵێن، ئۆپەراسیۆنەکە وایکردووە، بە ئەستەم بتوانن کارەکانیان لەنێو باخ و کێڵگەکانیان راپەڕێنن.
 
تاریق، موختاری گوندی نزورێیە و دەڵێت، "ئێستا رێگە بۆ هەموو ئەم گوندە سنوورییانە دەهێندرێت. ئەوان هەموو هەوڵێک دەدەن کە بەو ناوچانە بگەن ئاویان لێیە. ئەنفالکردنی ژینگەی کوردستان بەڕاستی بەدەستی تورکیا دەستیپێکردەوە".
 
سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان باسی لەوە کرد، سەردانی کۆنسوڵی تورکیای لە هەولێر کردووە و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان ئاگاداری وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکەن بە داربڕینیشەوە.
 
رێڤینگ هروری، سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "بۆنی رێککەوتنی جەزائیر لەم شەڕە دێت؛ لەو رێککەوتنەدا بۆئەوەی عێراق زەبر لە شۆڕشی کوردستان بدات، رووبەرێکی زۆری رادەستی ئێران کرد؛ ئێستاش بۆئەوەی کورد تووشی زیانی گەورە ببێت و جارێکی دیکە دوای گشتپرسی نەگەڕێنەوە گشتپرسییەکی دیکە، کاردانەوەی عێراق و تورکیا بەردەوامە".
 
لەدوای ساڵی 2003 زۆرێک لە بڕیارەکانی دەسەڵاتی بەعس هەڵوەشانەوە، بە گوتەی رێڤینگ هروری، بەڵام رێککەوتننامەی ئەمنی و سەربازیی نێوان تورکیا و عێراق نەک هەڵنەوەشانەوە، بەڵکو نوێکرایەوە، ئەمەش دەستی تورکیای کراوەکردووە تاوەکو 15 کیلۆمەتر سنوور ببەزێنێت، لەکاتێکدا ئێستا تاوەکو قووڵایی زیاتر هاتووە.