عارف قوربانی بۆچوونی راشکاوانەی بارزانی لەسەر پارێزگاری کەرکووک بۆ رووداو باسدەکات

03-06-2019
عومەر شایان
"کاک مەسعود لاری نییە لەسەر ئەوەی کە کەسێکی یەکێتی ببێتە پارێزگار"
"کاک مەسعود لاری نییە لەسەر ئەوەی کە کەسێکی یەکێتی ببێتە پارێزگار"
نیشانەکردن سەرۆک بارزانی کەرکووک
A+ A-

رووداو-هەولێر

عارف قوربانی دەڵێت، کاک مەسعود بارزانی پێیوایە کێشەکانی ئێستای کەرکووک لەوە گەورەترن بەدانانی پارێزگار چارەسەربکرێن و پێش دانانی پارێزگار دەبێت دەسەڵاتەکانی کارابکرێنەوە. سەرۆک بارزانی هەروەها رایگەیاندووە "پارتی بۆ بشکێنم بەوەی پارێزگارێک بۆ کەرکووک دابنێین سەرکەوتوو نەبێت؟".

عارف قوربانی رۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری سیاسی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی گفتوگۆی رۆژنامەنووس لە رادیۆی رووداو باسی سەردانێکی خۆی بۆ لای سەرۆک بارزانی کرد کە رۆژی یەکشەممە 2-6-2019 ئەنجامیداوە و گوتی: "رۆژی یەکشەممە لای کاک مەسعود بووم و ئەمڕۆش لەگەڵ گرووپی کەرکووکی نێو یەکێتی نزیکەی سێ کاژێر پێکەوە بووین و دواتریش لەگەڵ کاک کۆسرەت رەسوول دیدارێکی درێژم هەبوو، لە ئەنجامی ئەو دیدارانەدا گەشبینم بەوەی کە چارەسەر بۆ ئەو دۆخە بدۆزرێتەوە".

رووداو: لە دیدارەکەتدا لەگەڵ کاک مەسعود، هیچ لاریەکی هەبوو لەسەر ئەوەی پارتی و یەکێتی رێکبکەون لەسەر کەسێکی یەکێتی ببێتە پارێزگاری کەرکووک؟ 

عارف قوربانی: ناکۆکییەکەی هەیە لەسەر ئەو قسەیە، تێگەیشتنێکی هەڵە هەبوو لەبارەی ئەوەی کاک مەسعود و کاک کۆسرەت رێککەوتوون لەسەر ئەوەی فەرەیدوون عەبدولقادر ببێتە پارێزگاری کەرکووک. ئەوەی من لە جەنابی کاک مەسعود تێگەیشتووم ئەوە بەو شێوەیە نەبووە. کاک مەسعود باسی ئەوەیکرد کە کاک فەرەیدوون چووتەلای و گوتوویەتی کاک کۆسرەت و برادەرانی کەرکووک رایانوایە من بۆ ئەم قۆناخە ببمە پارێزگاری کەرکووک، وەڵامی کاک مەسعودیش بەمشێوەیە بووە" من پێموتووە تۆ رفێقی منی، من تۆم خۆشدەوێ و پشتیوانیشتم، بەڵام من ئەم بۆچوونەم بە یەکێتیش وتووە و بەتۆشی دەڵێم بۆ خەڵکی دیکەش هەر ئەم رایەم هەیە، کێشەکانی ئێستای کەرکووک لەوە گەورەترن بەدانانی پارێزگار چارەسەربکرێن. راستە گرنگە پارێزگار کورد بێت یارمەتیشمان دەدات بۆ ئەوەی لەسەر هەندێ کێشەی دیکەدا زاڵبین. بەڵام لەم قۆناخەدا هەرکەسێک بکەینە پارێزگار. هەرکەسێکیش بێت، بێ دەسەڵات دەبێت، کە بێ دەسەڵاتیش بێت بەرپرسیاریەتی کەرکووک دەخەینەئەستۆی و دەیشکێنین. من رام وایە دوای پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شاندێکی هاوبەشی پارتی و یەکێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بچنە بەغدا و لەگەڵ بەغدا رێکبکەون کە هەژموونی سەربازی لەسەر کەرکووک لابەرن، رێککەون لەسەر ئەوەی کە ئەم تەعریبە رابگیرێت و دەسەڵاتەکانی پارێزگاری لە کەرکووک کارابکرێتەوە بەو مانایەی ئەنجوومەن و پارێزگار بتوانن رەوشی کەرکووک ئاسایی بکەنەوە. بۆ ئەوەی ژیانی سیاسی و حیزبی بۆ هەموولایەک دەستەبەربکرێت. کاک مەسعود گوتی: "کاک فەرەیدوون گوتی باشە بەس پێمخۆشە خۆیشت لەگەڵ یەکێتی قسەی بکەیت. من فرسەت سۆفیم راسپاردووە بچێتە لای کاک کۆسرەت و قسەی لەگەڵ بکات. فرسەت سۆفی رۆیشت و قسەی لەگەڵ کاک کۆسرەت کرد، وەڵامی کاک کۆسرەتیش ئەوە بووە کە کاک فەرەیدوون پیاوێکی تێکۆشەرە، بەرپرسی هەموو ئەو مەکتەب سیاسیەیە کە ئێستا هەین بەڵام منیش پرسێک بە یەکێتی دەکەم و وەڵامتان دەدەمەوە. دوای ئەوەش کاک کۆسرەت وەڵامی ئێمەی نەداوەتەوە کە ئایا بەو بەربژێرە رازییە یان شتێکی دیکە، تاوەکو ئێستا گلەیی لەئێمە بکەن بۆ کەسێک دانەنراوە". 

کاک مەسعود لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی: "هەر برادەرێکی ئێمە قسەیەکی کردبێت کە ئێمە وەکو پارتی نامانەوێت پارێزگار بدەینە یەکێتی ئەوە هەڵەیە، من پێموتوون چ جۆرە پارێزگارێکمان لە کەرکووک دەوێت، بەراشکاویش پێموتوون ئەگەر یەکێتی لەگەڵ عەرەب پارێزگاری پێدادەنرێت با دایبنێن و پیرۆزیان بێت، لەگەڵ تورکمان پێیاندادەنرێت پیرۆزیان بێت، لە بەغداوە دەتوانن بە ئەمر دایبنێن پیرۆزیانبێت و لاریمان نییە، بەس کە پێیان نەکرا و پێشیان ناکرێت و بیانەوێت پارتی یارمەتییان بدات و پارێزگار لە کەرکووک دابنێن، سادەتریش شت ئەوەیە رەچاوی پارتیش بکەن".

ئەوەی دوێنێ لە کاک مەسعود تێگەیشتم و باسی زۆر ناومانکرد، کاک مەسعود هیچ لارییەکی نییە لەسەر ئەوەی کە کەسێکی یەکێتی ببێتە پارێزگاری کەرکووک.

رووداو: رای گرووپی کەرکووکی یەکێتی لەسەر قسەکانی سەرۆک بارزانی چییە دوای ئەوەی لەگەڵیان کۆبوویتەوە؟

عارف قوربانی: من گەشبینم و دوای دانیشتنی ئەمڕۆ و گفتوگۆکانمان، تێگەیشتنیان لە دوورۆژ پێش ئێستا فراوانتر و باشترە. رەنگە ئێستا زیاتر هەست بە بەرپرسیاری بکرێت بەوەی کە چارەسەرێکی عەقڵانی بدۆزینەوە و گەشبینم بەوەی کە دوای جەژن رێکارێکی دیکە بۆ کەرکووک لەنێوان پارتی و یەکێتی بدۆزرێتەوە.

رووداو: دۆخی کەرکووک بەشێوەیەکە بۆ ئاهەنگی نەورۆز دەبێت پرس بە دەسەڵاتی سەربازی بکرێت و ئەوان رێگە بدەن بۆ ماوەی کاژێرێک لە شوێنێکی دیاریکراو ئاهەنگ بگێڕێت، یان رۆژنامەنووسێک کە دەچێتە نێو باڵەخانەی پارێزگار دەبێت بەڵێن بدات هیچ شتێک نەکات لە قودسیەتی "سوپای پیرۆزی عێراق" کەمبکاتەوە. هەست بەوە ناکەی ئەو رێگەچارەیەی کاک مەسعود رێگەچارەیەکی زۆر زۆر عەقڵانی و سیاسیانەیە؟

عارف قوربانی: کاک مەسعود بە منی وت تۆمەتبار دەکرێین بەوەی کە وتوومە پارێزگارێکی بێلایەن بۆ کەرکووک دابنرێت، بۆ ئەوەیە لە ژێرەوە ببێتە پارتی، کاک مەسعود گوتی، ئەگەر من بمەوێت پارێزگاری کەرکووک پارتی بێت بۆ لەژێرەوە پارتی بێت؟ ئەی بۆ بە ئاشکرا پارتی نەبێت؟ تورکمان و عەرەب لەگەڵ یەکێتی پێکنەهاتن، رەنگە ئەوان لەخوایان بێت لەگەڵ ئێمە رێکبکەون پارێزگارێک لەکەرکووک دابنێین، من پارتیم خۆش دەوێ، پارتی بۆ بشکێنم بەوەی پارێزگارێک بۆ کەرکووک دابنێین سەرکەوتوو نەبێت؟. من تکام لە هەموو حیزبەکان ئەوەبووە کە پارێزگارێک دانێین تورکمان بەدڵی بێت، عەرەب بەدڵی بێت، یەکێتی بەدڵی بێت و پارتیش بەدڵی بێت. 

رووداو: هەڵوێستی کاک کۆسرەت رەسوول چییە لەبارەی ئەو قسانەی کاک مەسعودەوە؟

عارف قوربانی: کاک کۆسرەت بەخەمە بۆ کەرکووک، ئەمڕۆش کە لەگەڵی دانیشتم رای هەروایە، ئەو گرژیانە هیچ کاریگەری نەرێنی نەبووە لەسەر بڕیاردانی. کاک کۆسرەت بە هەموو شتێک رازییە بۆ پارێزگاری کەرکووک بەمەرجی ئەوەی یەکێتی بەربژێری بکات بە رەزامەندی پارتی و کوردێکی ئازا و بوێر و بەدەسەڵات بێت.


بۆ بیستنی تەواوی بەرنامەی گفتوگۆی رۆژنامەنووسی ئەم هەفتەیە، بە ئامادەبوونی ئاکۆ محەممەد، رێبوار کەریم وەلی و عارف قوربانی کلیک بکە

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە