لە سنووری بانە کۆڵبەرێک کوژرا

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆڵبەرێکی خەڵکی بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی جەلال سوهرابی لە ناوچەیەکی سنووریی ئەو شارە بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران کوژرا. لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئەمە دووەمین کۆڵبەرە لە سنوورەکانی پارێزگای سنە دەکوژرێت.
 
بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە 02-05-2024 هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە بەرزاییەکانی شاخی سوورکێوی شاری بانە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بەناوی جەلال سوهرابی تەمەن 43 ساڵ کوژراوە.
 
کۆڵبەرەکە خەڵکی گوندی تاژانی سەر بە شاری بانەیە، خێزاندارە و باوکی دوو كچە.
 
بەپێی زانیارییەکان، گولـلە بەر سنگی ئەو کۆڵبەرە کەوتووە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە، تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانەی شاری بانە گوێزراوەتەوە.
 
رۆژی 01-05-2024 کۆڵبەرێکی تەمەن 45 ساڵی خەڵکی شاری سەقز بەناوی هێمن ئەحمەدی لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا.
 
لە مانگی نیسانی ئەم ساڵیشدا لانیکەم چوار کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و 33 کۆڵبەریش بریندار کراون.
 
لە مانگی ئاداریشدا، لانیکەم 13 کۆڵبەر و کاسبکار گیانیان لەدەستداوە کە چوار کەسیان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، چوار کەس بەهۆی کەوتنەوە لە بەرزاییەکانەوە، دوو کەس بەهۆی رەقبوونەوە، کەسێک بە جەڵتەی دڵ و دوو کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ بووە؛ هەروەها لەو مانگەدا 78 کۆڵبەریش بریندار ببوون.