ملەی تەتە بەهۆی مەترسیی تاشەبەردەوە داخرا

03-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای کرماشان دەڵێت، رێگەی ملەی تەتە لەنێوان شارەکانی پاوە - مەریوان - سەوڵاوا بەهۆی بارینی بارانی بەخوڕ و مەترسیی بەربوونەوەی تاشەبەردەوە، لە ئەمڕۆ هەینییەوە بە شێوەیەکی کاتی دادەخرێت.
 
ئەمڕۆ هەینی 03-05-2024 بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای کرماشان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، رێگەی ملەی تەتە لەنێوان شارەکانی پاوە - مەریوان - سەوڵاوا بە شێوەیەکی کاتی و لەپێناو پاراستنی گیانی هاونیشتمانییان دادەخرێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی نەبوونی سەلامەتیی رێگەوبان، لەوانە تەم و مژێکی زۆر، نەبوونی مەودای بینینی پێویست، مەترسی کەوتنە خوارەوەی تاشەبەرد لە بەرزاییەکانەوە و بەردەوامبوونی بارانبارینی بەخوڕ، تا ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە رێگەکە دادەخرێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا داوا لە خەڵکی ناوچەکە کراوە رێگەی هەجیج - هەورامان - ژاڵانە وەکو رێگەی جێگرەوە بەکاربێنن.
 
رۆژی 24-04-2024 شەهرام کەهریزی، بەڕێوەبەری رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای کرماشان، کردنەوەی رێگەی ملەی تەتەی دوای پێنج مانگ لە داخرانی راگەیاند.
 
بەهۆی بارینی بەفری زۆر و سەختیی ناوچەکە، هەروەها مەترسیی رەنوەبەفر، رێگەکە لە سەرەتای وەرزی زستانەوە دادەخرێت. کەڵەکەبوونی بەفر لە هەندێک شوێن دەگاتە 8 مەتر و ئەوەش وا دەکات کردنەوەی رێگەکە ئەستەم بێت و تاوەکو بەهار بە داخراوی دەمێنێتەوە.
 
ملەی تەتە پارێزگاکانی سنە و کرماشان پێکەوە دەبەستێتەوە و لەنێوان شارەکانی پاوە و سەوڵاوا هەڵکەوتووە، ساڵانە بەفری زۆری لێ دەبارێت، بەو هۆیەوە هەموو ساڵێک لە وەرزی پاییزدا دادەخرێت و لە وەرزی بەهاردا دەکرێتەوە.
 
چوار کیلۆمەتری رێگەی ملەی تەتە دەکەوێتە سنووری پارێزگای سنە و 17 کیلۆمەتریشی دەکەوێتە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە