رووداو - سلێمانی
شوکریە عەزیز یەکێک لە کرێکارەکانی نەمامگەی سەرچناری حکومییە، لە ماوەى کارکردنیدا نزیکەی 25 کرێکار لە نەمامگەکە خانەنشین بوون؛ ئێستا تەنیا پێنجیان ماون، نزیکبوونەوەی خانەنشینبوونی چوار لە کرێکارەکان و دانەمەزراندنی کرێکاری نوێ مەترسیی کەمبوونەوەی بەرهەمی لە نەمامگەکە دروستکردووە.
شوکریە عەزیز، کرێکار دەڵێت، "ماوەى 27 ساڵە لەم نەمامگەیە کار دەکەم، دوو ساڵی دیکە خانەنشین دەبم. لەگەڵ ئەوەشدا نەمامگەکە پێویستی بە کرێکاری زۆرە، 40 دۆنم زەوی هەمووی نەمامە، بۆیە خزمەتکردنیان کرێکاری پێویستە و وەکو منداڵێک دەبێت خزمەت بکرێن، ئێستاش جەرگم بۆ نەمامەکان دەسووتێت."
بەرهەمی ئەم ساڵی نەمامگەکە ملیۆن و نیوێک نەمامە، بۆئەوەى بەرهەمی ساڵانەیان لەو ئاستە دانەبەزێت، کرێکارەکان داوا لە حکومەت دەکەن ژمارەیان زیاد بکرێت.
ئەرکان ئەحمەد، کرێکار دەڵێت، "دوو ساڵم ماوە خانەنشین ببم، زۆریشم پێناخۆشە، چونکە لەگەڵ کارەکەمان راهاتووین. ئەگەر حکومەتى هەرێمی کوردستان کرێکار دابین بکات، زۆر شتێکی باشە، چونکە گوناحە ئەم نەمامگەیە بفەوتێت، هەم کوردستان سەوز دەکەین و هەم بەرهەممان هەیە."
ساڵی رابردوو رێکخراوی پرۆگرامی خۆراکی جیهان کرێکاری گرێبەست و پێداویستیی نەمامگەکەی دابینکرد، بۆیە ئاستی بەرهەمیان زیادکرد، ئێستا پاڵپشتیی رێکخراوەکە نەماوە، بۆیە بۆ مانەوە لە ئاستی ملیۆن و نێوێک نەمامی ساڵانە، بە گوتەی سەرپەرشتیاری نەمامگەکە، پێویستیان بە لانیکەم 25 کرێکاری دیکەیە.
لە مانگی 11ی ساڵی 2023وە نەمامگەکە داوای کرێکاری کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆیان دابین نەکراوە. بە گوتەی سەرپەرشتیاری نەمامگەکە، ساڵانەش کاتێک کرێکاری کاتییان بۆ دابین دەکرێت، کە کاتی بەرهەمهێنان بەسەردەچێت.
رەوا عەبدولقادر، سەرپەرشتیاری کاری کێڵگە و بەرهەمهێنانی نەمام لە نەمامگەی سەرچنار دەڵێت، "لەم ملیۆن و 500 هەزار نەمامەی هەمانە، تاوەکو وەرزی چاندن نزیکەی 200 هەزاری دەچێتە دەرەوەی نەمامگە، ئەوەی دیکەی دەمێنێتەوە ئەگەر کرێکار نەبێت 10% بۆ 20%ی بە دڵنیایی وشک دەبێت، دەتوانین لە دوو تاوەکو سێ ساڵی داهاتوودا بگەینەوە ئاستی ئەو 200 هەزار نەمامەی پێشتر بەرهەممان هێناون، واتە زۆر خێرا ئاستی بەرهەممان دادەبەزێت، لە چوار ساڵی داهاتووشدا ئەگەر وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کرێکارمان بۆ دابین نەکات، ناتوانین 200 هەزار نەمامیش بەرهەم بهێنین و وای لێدێت، بەرهەممان نەمێنێت."
نەمامگەی سەرچنار سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە، نزیکەی 50 جۆر داری بەردار، داری دارستانی، گوڵ و نەمامی جوانی تێدا بەرهەمدێت، بە نرخی 250 تاوەکو 6000 دینار دەفرۆشرێن.
نەمامگەی سەرچنار کۆنترین نەمامگەی دارستانییە لەسەر ئاستی عێراق کە 76 ساڵە دامەزراوە، بەم تەمەنە زۆرەوە گەورەترین خەمیان کەمبوونەوەی کرێکارەکانیانە، بۆیە بەرپرسانی نەمامگەکە داواکارن حکومەتى هەرێمی کوردستان کرێکاریان بۆ دابین بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ