بەهۆی لێچوونی گازەوە پۆلیسێک لە راپەڕین گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین رایدەگەیێنێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، بەهۆی کاریگەری لێچوونی گازەوە لە پرۆژەی ئاوی خاسە لە قەڵادزێ، پۆلیسێک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش تووشی هەناسەتەنگی بوو.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو پۆلیسەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی 53 ساڵە و لەگەڵ پۆلیسەکەی دیکەدا، پاسەوانی پرۆژەی ئاوی خاسە بوون لە قەڵادزێ.
بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر، تەرمی عەبدوڵڵا بابەکر رەوانەی پزیشکی دادیی سلێمانی کراوە.
ئەو پۆلیسەی تووشی هەناسەتەنگی بووە، لە نەخۆشخانەیە و چارەسەری پزیشکی بۆ دەکرێت.
لە روونکردنەوەیەکدا، پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، عەبدوڵڵا بابەکر "بەهۆی لێچوونی تانکی کلۆر گیانی لەدەستداوە و لە هەمان رووداودا کارمەندێکی دیکەی پۆلیس بەناوی فەرهاد ئازاد، هەر بەهۆی کاریگەری لێچوونی کلۆرەوە باری تەندروستی تێکچوەوە و رەوانەی نەخۆشخانەی قەڵادزێ کراوە".