سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا مەسرور بارزانی بۆ سەردانی رۆما بانگهێشت دەکات


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لە هەولێرە و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا بانگهێشتنامەی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی گەیاندە مەسرور بارزانی تاوەکو سەردانی رۆما بکات.  
 
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە، 3-5-2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو؛ بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا کرا.
 
وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا رایگەیاند: "خۆی بە دۆستێکی کۆنی گەلی کوردستان دەزانێت و جەختیشی لە بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە کردەوە لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا."

 

 
ئیتاڵیا پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، مەسرور بارزانی سوپاسی ئەو وڵاتەی کرد کە پشتیوانی گەلی کوردستانە، هیواشی خواست پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا لە هەموو بوارەکاندا زیاتر بەرەو پێشبچن، بەتایبەتی کە دەرفەتی زۆر هەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی ئیتاڵیا.