بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5 پلەی رێختەر لە مەرەشی باکووری کوردستان روویدا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا - ئافاد رایگەیاند، بوومەلەرزەیەکی 5 پلەیی مەرەشی باکووری کوردستانی هەژاند.
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا - ئافاد، بوومەلەرزەکە بە گوڕی 5 پلەی رێختەر لە گۆکسونی پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستانی داوە. ئاژانسە زەویناسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، قووڵایی بوومەلەرزەکە 9 کیلۆمەتر بووە و کاژێر 8:16 خوولەک بە کاتی هەولێر روویداوە.
هێشتا هیچ زیانێک دیار نییە. بەگوێرەی ئافاد، تەنیا شەش خولەک دوای ئەو بوومەلەرزەیە، یەکێکی دیکە بە گوڕی 4.1 پلە و بە قووڵایی 6.8 کیلۆمەتر لە هەمان ناوچە روویداوە. ئافاد ئاماژە بەوە دەکات، هەردوو بوومەلەرزەکە لە پارێزگاکانی دەوروبەریش هەستیان پێکراوە.
میدیای تورکیا دەڵێت، بەهۆی دوو بوومەلەرزەکەوە، دانیشتووانی ناوچەکە ترساون، لە کاتێکدا کە هێشتا تارمایی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی 6ـی شوبات لەسەریان ماوەتەوە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 59 هەزار و 259 کەس لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریا.
بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات گوڕەکەی 7.8 پلە بوو و، چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، لە باشووری کوردستان و تەنانەت لوبنانیش هەستی پێکرا.