رۆژانە 10 منداڵ بەهۆی هەوکردنی پەردەی مێشک لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دەخەوێندرێن

رووداو دیجیتاڵ

رۆژ بە رۆژ ژمارەی تووشبوون بە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە هەڵەبجە و سلێمانی رووی لە زیادبوونە، بەپێی ئەو پشکنینانەی لە تاقیگەی ناوەندی لە بەغدا کراون؛ لە نموونەی وەرگیراوی 14 منداڵی تووشبوو بە هەوکردنەکە، چواریان
بەهۆی بەکتریاوە تووش بوون. 
 
دایکی محەممەد، کە محەممەدی کوڕی تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بووە، دەڵێ "لە 25ـی نیسان تووشی ئازاری پشت و قاچ بوو، بردمان بۆ پشکنینی خوێن و هیچ دەرنەکەوت، گوتیان ئەو نەخۆشییە (هەوکردنی پەردەی مێشک)ـی نییە، دوای سێ رۆژ دووبارە ئازاری دەستیپێکردەوە، ئەمجارەیان بردمانەوە، گوتیان دەبێت لە پشتی پشکنین بکەن، دەرزییەکیان لە پشتی دا و دوای یەک کاژێر گوتیان تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بووە و لە یەکی ئایارەوە لە نەخۆشخانە خەواندوومانە".
 
هۆڵەکانی چاودێرکردن لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی نزیکەی 200 نەخۆشیان تێدایە، ئەوانەی چاودێری دەکرێن زۆربەیان هۆکاری نەخۆشییەکەیان ڤایرۆسە، کە جۆرێکی سووکتری نەخۆشییەکەیە. 
 
د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دەڵێ "حاڵەتەکان نائاسایین، چونکە ئەگەر پێشتر لە یەک مانگدا 10 کەس تووشبوونایە، ئێستا رۆژانە 10 منداڵ تووش دەبن. ئێمە هەر هەمووی حیسابی ئەوەمان کردووە، کۆئینڤێکشن بن (بە بەکتریا تووش بووبن) بۆیە توانیومانە کۆنترۆڵی بکەین. 
 
پسپۆرانی تەندروستی دەڵێن، ئەو نەخۆشییانەی ڤایرۆسین بە پێدانی چارەسەر و بەگوێرەی کات چاک دەبنەوە، بەڵام هەندێک لە نەخۆشییە بەکتریاییەکان کاتی زیاتریان دەوێت. وەزیری تەندروستی، چووە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی و رایگەیاند "دۆخەکە کۆنترۆڵە و هەرچی پێویست بێت، هاوکاری نەخۆشخانەکان دەکەین".
 
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی گوتی "ئەگەر باسی ئەوە بکەم، چارەسەری درێژخایەن چییە، ئەوەی دەبێت کوتان بکرێت. بۆ حاڵەتەکانی ئێستاش دەبێت، دایکان و باوکان رەچاوی رێنماییە تەندروستییەکان بکەن و پاکوخاوێنی بە دەرەجەی یەک و، منداڵ تێکەڵ نەکەن لەگەڵ کەسی تووشبوو یان گومانلێکراو کە بەهەمان کەرەستە نان بخۆن".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تەندروستی عێراق بە بەرپرسانی تەندروستیی سلێمانی و هەڵەبجەی گوتووە، ئەو منداڵانەی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشکیان هەبووە و چارەسەرکراون، دەبێت لەژێر چاودێریی تەندروستیدا بن و دوای ماوەیەکی دیکە "لانیکەم" پشکنینی گوێ، لووت و چاویان بۆ بکرێت، چونکە لە خراپترین حاڵەتدا رەنگە تووشی ئیفلی، کەڕی یان کوێری بن.