عەدنان موفتی: تائێستاش یاساکانی سەردەمی بەعس بۆ کوردی فەیلی بەرکارن


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، دوای تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر رووخانی حکومەتی بەعس، تائێستاش ئەو یاسایانە بەرکارن کە موڵک و ماڵی کوردی فەیلی پێ زەوتکراوە. بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتیش دەڵێت: "هەرکات یاسای نوێ و دیموکراتانە جێگەی یاساکانی سەردەمی بەعسی گرتەوە، دەشێ بڵێین گۆڕانی ریشەیی لە بیرکردنەوەی عێراق بەرامبەر پرسی کوردی فەیلی روویداوە".
 
رۆژی چوارشەممە، 03-05-2023، لە دووەمین رۆژی کۆنفرانسی زانستی بۆ جینۆسایدی کوردانی فەیلی پانێڵێک لەژێر ناونیشانی روانینی لایەنە سیاسیییەکانی کوردستان بۆ جینۆسایدی کوردی فەیلی بە بەشداریکردنی د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، عەدنان موفتی، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی بەڕێوەچوو.
 
عەدنان موفتی، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر رووخانی رژێمی بەعس، تائێستاش بە دەیان کێشەی کوردی فەیلی لە دادگەکان چارەسەر نەکراون و رۆتینێکی زۆر بوونەتە کۆسپ لەبەردەم داواکارییەکانیان.
 
بەگوتەی عەدنان موفتی، چەندین بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش هەیە کە تاوەکو ئێستاش پەرلەمانی عێراق هەڵی نەوەشاندوونەتەوە و راینەگرتوون و تەنانەت هەمواریشی نەکردوونەتەوە.
 
سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان گوتی "تاوەکو ئێستاش دەست بەسەر موڵکی کوردی فەیلیدا گیراوە و خراونەتە سەر وەزارەتی دارایی و کاتێکیش حکومەت هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو دۆسیەیە دەکات، بەو چاوەوە هەڵسوکەت ناکات کە ئەم دۆسیەیە لە ئەنجامی سیاسەتی جینۆساید دروستبووە و ئەمانە قوربانیی ئەو سیاسەتەن و دەبێت کارئاسانییان بۆ بکرێت و رەچاوی رۆتینەکان نەکرێت.
 
عەدنان موفتی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە "کەمتەرخەم" دەزانێت بەرامبەر دۆخی ئێستای کوردی فەیلی و دەڵێت، دەبێ دان بەوەدابنێن کە هەموو حیزبەکان وەکو یەک کەمتەرخەمییان بەرامبەر کوردی فەیلی هەبووە لە بەرامبەر چارەسەرنەبوونی کێشەکانیان دوای 20 ساڵ حوکمڕانی نوێ لە عێراق.
 
کۆنفرانسی زانستی بۆ جینۆسایدی کوردی فەیلی لە هەولێر، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سپۆنسەری دەکرێت و زانکۆکانی سەڵاحەدین-هەولێر، سۆران و دهۆک سەرپەرشتی دەکەن. 
 
 
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، روانگەی بەغدا بەرامبەر کوردی فەیلی و راییکردنی کارەکانیان تا رادەیەک گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام هەرکات یاسا کۆنەکانی پەیوەست بە کێشەکانیان هەڵوەشایەوە و یاسای نوێ بە روانینێکی دیموکراسییانە جێگەی گرتنەوە، "ئەوکات دەتوانین بڵێین گۆڕانی ریشەیی لە بیرکردنەوەی عێراق بەرامبەر پرسی کوردانی فەیلی روویداوە."
 
بە بۆچوونی فازل میرانی، عێراق پێویستی بە گۆڕینی تێڕوانین بەرامبەر پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان هەیە، ئەڵمانیای نازی دوای ئەو کوشتار و چەوسانەوە بەرفراوانەی بەرامبەر جووەکان کردی، کاتێک رژێمە سیاسییەکە گۆڕا، پێداچوونەوەی تەواوی بە تێڕوانین و بیرکردنەوەی خۆیدا کرد و لە هەموو رێگەیەکەوە هەوڵەکانی بۆ قەرەبووکردنەوە و ساڕێژکردنی ئەو ئازارانە دەستپێکرد بەرامبەر جووەکان کردبووی.
 
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی پێیوایە، تائێستا لە عێراق تێروانینەکانی سەردەمی رژێمی بەعس بەرامبەر کوردی فەیلی نەگۆڕاوە و دەڵێت: "لەبری گۆڕینی کەس و رژێمە سیاسییەکان، پێویستە تێڕوانین و هزری سیاسیی بەرامبەر پرسی کورد لە بەغدا گۆڕانی بەسەردابێت."
  
هاوکات د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق تیشکی خستە سەر ئەو هۆکارانەی وایکرد رژێمی بەعس و بەتایبەتی سەدام حوسێن دەست بۆ دوورخستنەوە و جینۆسایدکردنی کوردی فەیلی ببات و وەکو خۆی ئاماژەی پێدەدات، سەرەکیترین هۆکار ملنەدانی کوردی فەیلی بوو بۆ حیزبی بەعس.
 
د. فوئاد حوسێن گوتی: "لە سەردەمی هاتنەسەرکاری رژێمی بەعس، ئابووریی بەغدا لەدەست کوردی فەیلی بوو و حیزبی بەعسیش ئەمەی بە مەترسییەکی گەورە بۆ خۆی دەزانی، ئەوە هۆکارێکی دیکە بوو بۆ ئەوەی دەستبکات بە دوورخستنەوە و دژایەتیکردنیان و ساڵی 1971 یەکەم شاڵاوی دەرکردنی کوردی فەیلی دەستپێکرد و لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو شاڵاوەکە بەرفراوانتر کرا." 
 
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 500 ھەزار کوردی فەیلی لە بەغدا دەژین، فەیلییەکان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەم لە سەردەمی حکومەتی بەعس و هەم لە دوای 2003ـەوە رووبەڕووی نەهامەتیی زۆر بوونەتەوە، بەپێی دوایین ئاماریش زیاتر لە 20 هەزار کوردی فەیلی لە سەردەمی حکومەتی بەعسدا ئەنفالکراون. لە دوای 2006ـیشەوە بەردەوام "هەڕەشەی تیرۆریان" لەسەر بووە، بۆیە هەمیشە جەخت لەسەر پاراستنی مافەکانیان دەکەنەوە.