ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان: لە 20 رۆژدا زیاتر لە 11 هەزار هاوبەش قەرزی ئاویان داوەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تەنیا لەماوەی 20 رۆژی رابردوودا زیاتر لە 11 هەزار هاوبەشی ئاو قەرزی ئاویان گەڕاندووەتەوە و سوودمەندبوون لە لێخۆشبوونی 15٪ـی قەرزی کرێی ئاو، کە تاوەکو 10ـی ئایاری 2023 درێژکراوەتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 03-05-2023، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، له‌ ماوه‌ی ته‌نیا 20 رۆژدا له‌ سنووری تەواوی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، كۆیە، سۆران، زاخۆ، ئاكرێ، كەلار، گەرمیان و راپەڕین، زیاتر له‌ 11 هه‌زار هاوبه‌ش مامەڵەی سوودمەندبوونیان لە بڕیاری لێخۆشبوونی 15%ـی كرێی قەرزی ئاو كردووه.‌
 
بەپێی دوایین بڕیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لێخۆشبوونی 15٪ـی قەرزی کرێی ئاو تاوەکو 10ـی ئایاری 2023 بەردەوام دەبێت. ئاری ئەحمەد گوتی: "ئێستا هاوبەشانی ئاو ده‌توانن سەردانی فەرمانگەكانی ئاو بكەن و لەو بڕیارەی حكومەت سوودمەندبن."
 
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لەو 20 رۆژەی هاوبەشانی ئاو قەرزەکانیان هێناوەتەوە وەزارەتی شارەوانی بە گوژمەی 395 ملیۆن و 905 هەزار و 989 دینار لێخۆشبوونی بۆ هاووڵاتییان كردووە."
 
پێشتر لە رۆژی 03-03-2023، ئاری ئەحمەد بە رووداوی گوتبوو، هاونیشتمانییان تاڕادەیەکی باش هاوکارن بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان، ئەو گلەییانەش کە هەبوون لەسەر کرێی ئاو و ناتێگەیشتن لە پێوەری ئاو کەمتر بووەتەوە، ئەوەش وایکردووە داهات زیادبکات.
 
ئاری ئەحمەد ئاشکرای کرد، لە ساڵی 2021دا نزیکەی 42 ملیار دینار قەرزی کرێی ئاو لە هەر 14 بەڕێوەبەرایەتییەکانیان کۆکراوەتەوە ئەو ژمارەیە لە 2022 زیادیکرد بۆ 63 ملیار دینار.