کوردستان
![کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست](https://www.rudaw.net/s3/rudaw.net/ContentFiles/730041Image1.jpg?mode=crop&quality=70&rand=1&scale=both&w=752&h=472&version=5107776)
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و یاریدەدەری وەزیری ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، هاوڕابوون کە "بە زووترین کات، رێککەوتنی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە نەوت جێبەجێ بکرێت و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-05-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کردووە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندەکەی ئەمریکا باسیان لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە و وەکو لە راگەیێندراوەکەشدا هاتووە، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە "بە زووترین کات، رێککەوتنی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە نەوت جێبەجێ بکرێت و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە بۆ ئەوەی چیتر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی زیانمەند نەبن."
![وێنەیەکی دیکەی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندەکەی ئەمریکا](https://www.rudaw.net/Library/Images/Uploaded%20Images/2023/05/03/%DA%AF%D9%87%D8%AE%D8%AF%D8%B2%DA%AF%D9%81%D8%AE%D8%B2%D8%AF%D9%81.jpg)
لە کۆبوونەوەکەدا ئەلینا رۆمانۆڤکسی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا و ئێرڤن هیکس، کۆنسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان ئامادە بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش گفتوگۆ کراوە. مەسرور بارزانی دەڵێت، "دووپاتمان کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمساڵ لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان بۆ پێشکەشکردنی هەموو کارئاسانییەک دەربڕی."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی چاکسازییەکانی پێشمەرگە و رێککەوتنی شنگال گفتوگۆ کرا، تیشکخرایە سەر "گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و دەرچوونی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ