دروێنەی گەنم لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و چاوەڕوان دەکرێت بەرهەم زۆر بێت


رووداو دیجیتاڵ 

لەنێوەڕاستی ئەم مانگەوە دروێنەی گەنم لە گەرمیان و دواتریش لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت، ئەمساڵ گەنم لە ناوچەکەیان زیاتر لە 148 هەزار تۆن دەبێت کە دوو هێندەی بەرهەمی ساڵی رابردووە.
 
ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان کەمبارانی بوو؛ لە دەڤەری گەرمیانیش بە فەرمی وشكەساڵی راگەیێندرا و لە گەرمیان 62 هەزار تۆن و بە گشتی لە هەرێمی کوردستانیش 320 هەزار تۆن گەنم رادەستی سایلۆکان کرا.
 
رۆژی چوارشەممە 3ـی ئایاری 2023، مەریوان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پلاندانان لە کشتوکاڵی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە نێوەڕاستی ئەم مانگەوە لە گەرمیان دروێنەی گەنم دەستپێدەکات.
 
بەڕێوەبەری پلاندانان لە کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت، "ساڵی رابردوو وشکەساڵی بوو، بەڵام زەوی بەراو لە گەرمیان لە نزیک خانەقین هەیە؛ هەروەها بارانبارین لە ناحیەکانی مەیدان و پێباز باشتربوو؛ بۆیە لە گەرمیان 62 هەزار تۆن گەنم رادەستی سایلۆکان کرا." سەبارەت بە ئەمساڵیش گوتی، "ئەمساڵ دۆخەکە باشە و پێشبینی دەکەین زیاتر لە 148 هەزار تۆن گەنم رادەستی سایلۆکان بکرێت کە زیاتر دەبێت لە دوو هێندەی ساڵی رابردوو." 
 
ئەمساڵ لە تەواویی هەرێمی کوردستان بارانبارین زیاتر بووە بەراورد بە بارانبارینی وەرزی رابردوو.
 
شێخ هیشام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێشبینی دەکەن ئەمساڵ گەنم "زۆر" باشتر بێت لە ساڵی رابردوو.
 
ساڵی رابردوو تۆنێک گەنمی جووتیاران بە 850 هەزار دینار وەرگیرا؛ بڕیارە ئەمساڵیش بە هەمان نرخ گەنم لە جووتیاران وەربگیرێت.
لە هەندێک ناوچەی عێراق بەهۆی کەشوهەواکەیەوە کە گەرمترە لە هەرێمی کوردستان، دروێنەی گەنم و جۆ دەستیپێکردووە.