نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار "وەک زبڵدانی لێ هاتووە"

رووداو دیجیتاڵ

ماوەی مانگێکە رۆژانە دیمەنێک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار دووبارەدەبێتەوە، ئەویش کۆبوونەوەی زبڵ و پاشماوەی پزیشکی و خوێنە، کە وادەکات لە زبڵخانە بچێت، کێشەکە کە بە مانگانە 39 ملیۆن دینار چارەسەر دەبێت، لە سەرجەم نەخۆشخانەکانی گەرمیان هەیە.
 
هۆکاری ئەو پیسییەی نەخۆشخانەکە؛ نوێ نەکردنەوەی گرێبەستی کارمەندانی پاککەرەوەیە، کە بەو هۆیەوە مانگێکە نەخۆشخانەکە بێ کارمەندی پاککەرەوەیە. هەرچەندە هەندێک جار خێرخواز کارمەندی پاککەرەوەیان بۆ گرتوون، بەڵام ئەمە دەردەکەی چارەسەر نەکردوون.
 
سەیوان دەلۆ، سەرپەرشتیاری کارمەندانی پاککەرەوی نەخۆشخانەکەیە و دەڵێ "دوو مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە. لە یەکی نیسانیشەوە پێمانگوتراوە (کارتان تەواو). هەمانە نەخۆشیی درێژخایەنی هەیە، هەمانە هەر ئەو مووچەیەی هەیە و هیچی دیکەی نییە کرێی خانووی لەسەرە و ماڵ و منداڵی لەسەرە. چاوەڕێی ئەوەن بە کوردییەکەی بکەونە سەر کارەکانیان و ئیشەکە بە خێرخوازی بەڕێوەناچێت".
 
بەشێکی هاونیشتمانییان کە نەخۆش دەبەنە فریاکەوتن، خۆیان فریای نەخۆشخانەکە دەکەون پاکی دەکەنەوە.
 
ئەیاد محەممەد، فەرمانبەرە و بەمشێوەیە باسی نەخۆشخانەکە دەکات "ئێستا بووەتە زبڵدان، یانی وای لێهاتووە وەکو گەراجێکی ناوەوەی لێهاتووە و تەنیا نەقڵی تێدا دەکرێت و هیچ پێداویستییەکی تێدا نییە. دەبێت نەخۆش (پێداویستی) خۆی بهێنێت ئەمان چارەسەری بۆ بکەن".
 
کامەران هەمەوەندی دەرچووی زانکۆیە و یەکێکە لەوانەی هەفتەی رابردوو نەخۆشی بردووەتە نەخۆشخانەی شەهید هەژار، دەڵێ "سەیردەکەم ئەو هەموو نەخۆشەیان خستووەتە قاوشەکانەوە و یەک دکتۆر بەلایاندا ناچێت! ئەمە چییە؟ تەنیا لەبەرئەوەی نێو نەخۆشخانەکە پاک دەکەنەوە و بەتەنها کرێکارێک بۆ ئەو رۆژە راسپێردراوە بۆ پاککردنەوە، ناچاربووم خۆم دەستم بە پاککردنەوە کرد لەگەڵ کرێکارەکە و تەنانەت شەویش مامەوە بۆ پاککردنەوە".
 
وەک رێگەچارەیەک، تەندروستیی گەرمیان چەند کارمەندێکی پاککەرەوەیان لە بەشەکانی نەشتەرگەریی و منداڵان و سەنتەری گورچیلە هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی دەوامی ئەو بەشانە رانەوەستێت.
 
تائێستا، دیارنییە گرێبەستی کارمەندانی پاککەرەوە نوێدەکرێتەوە یان دەبێت نەخۆشخانەکە هەر چاوەڕێی دەستی خێرخواز بێت تاوەکو نەخۆشخانەکە پاک بکەنەوە.
 
بەپێی نەخۆشخانەی گشتیی گەرمیان، رۆژانە زیاتر لە 10 تۆن زبڵ و خاشاک لەنێو نەخۆشخانەکانی گەرمیان لەلایەن 128 کارمەندەی پاککەرەوە کۆدەکرێنەوە، بۆ مووچەی مانگانەشیان تەندروستیی گەرمیان پێویستیی بە 39 ملیۆن دینارە لە مانگێکدا.