یەکێک لە بریندارانی تەقینەوەی تانکەرەکەی ناوچەی پیشەسازیی کەلار گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

یەکێک لە بریندارانی رووداوی تەقینەوەی تانکەرەکەی سووتەمەنی لە ناوچەی پیشەسازیی کەلار گیانی لەدەستدا. خاڵۆزایەکی دەڵێت، "بڕیار بووە نەشتەگەری بۆ بکرێت، بەڵام کاژێر 2:00ی بەیانی ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە کە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە."
 
رۆژی 24-04-2023 لەکاتی لەحیمکردنی تانکیی گازی تانکەرێکی سووتەمەنی، تانکەرەکە لە ناوچەی پیشەسازیی کەلار ئاگری گرت و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. یەکێک لە برینداربووەکان بە ناوی ئەحمەد عەلی بەهۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کرا. 
 
ئاریان عومەر، خاڵۆزای ئەحمەد عەلی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیار بوو لە دوو رۆژی رابردوودا نەشتەگەری بۆ ئەحمەد بکرێت، بەڵام بەهۆی بەکتریا لە پشتیدا نەمانتوانی نەشتەگەری بۆ بکەین و کاژێر 2:00 بەیانی ئەمرۆ ئاگادارکراینەوە کە بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستداوە."
 
ئاریان عومەر دەڵێت: "ئەحمەد توانیویەتی قسە بکات و شتیشی خواردووە، بەڵام زۆر بێ هێز بووە."
 
بەهۆی رووداوی تەقینەوەی تانکەرە سووتەمەنییەکە، ئاریان ئیبراهیمی لەدایکبووی ساڵی 1994 کە لەحیمچی بوو، دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکە برینداربوون ئەوانیش عەلی تالب، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە، شاهۆ فەتاح و ئەحمەد عەلی بوون .
 
ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان رۆژی 24-04-2023 بە رووداوی گوت: "هۆکاری تەقینەوەکە ئەوە بووە پاکی نەکردووەتەوە. پێویست بوو ئەو تانکەرە بە ئاو و بە زاهی و تاییت چەند جارێک بشۆردرێت و پاک بکرێتەوە؛ دڵنیایی بدرێت کە مادەی گاز و غازی تێدا نییە و دواتر کاری تێدا بکرێت."