یەکەم پەرستگای میتراس لە باکووری کوردستان دۆزرایەوە

رووداو - شارۆچکەی جنار  

لە قەڵای زەرزەوان-ی نزیک شارۆچەی چناری سەر بە ئامەد، تیمێکی پسپۆر، کە ماوەی چوار ساڵە لێکۆڵینەوە لەو ناوچە شوێنەوارییە دەکەن، پەرستگایەکیان دۆزییەوە کە هی ئایینی میتراسی سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی رۆمانییەکانە.

ئەو پەرستگایەی دۆزراوەتەوە یەکەم پەرستگای ئایینی میتراسە لە باکووری کوردستان. شوێنەوارەکە لەنزیک رێگەی نێوان ئامەد و مێردینە، دەکەوێتە سەر گردێکی گەورە لەنزیک قەڵای زەرزەوان-ی سەردەمی یمپراتۆرییەتی رۆمانییەکان.

بەپێی لیکۆڵینەوە شوێنەوارییەکان، تەمەنی ئەو پەرستگایە 1700 ساڵە، بەڵام لێکۆڵینەوە نوێکان دەریدەخەن تەمەنی شوێنەوارەکە زیاتریشە. د. ئەیتاش کۆشکون، شوێنەوارناسە و ماوەی چوار ساڵە لەسەر قەڵای زەرزەوان لێکۆڵینەوە دەکات، دەڵێ بەهۆی کارەکانی ئێمەوە ئەفسوونی زەرزەوان بۆ هەموو جیهان ئاشکرا دەبێت. 

هەروەها دەڵێ "قەڵای زەرزەوان دەرگای رۆمانییەکانی رۆژهەڵاتە، ئەم قەڵایە لەڕووی ستراتیژیی سەربازییەوە زۆر گرنگ بووە، لەو سەردەمەدا ئەو سوپایەی زەرزەوانی لەدەستدا بووە، دەبووە خاوەنی هەموو ناوچەکە. لێرە هەم فەرماندەی سەربازیی پلەبەرز، هەم خەڵکی سڤیل هەبوون، ئەمەش تەنیا قەڵا نەبووە، بەڵکو شارێک بووە".

لە دەوری قەڵاکە چەند کەرەستەیەکی شوێنەرای هەن، ئەوەی کە تازە دۆزراوەتەوە پەرستگایەکی میتراسە. د. ئەیتاش کۆشکون دەڵێ "بەپێی گێڕانەوەکان میتراس خواوەندی رۆژە، خواوەندی شەڕ و ئاشتیشە، بەڵام هەموو کەسێک ناتوانێت ببێتە شوێنکەوتووی ئایینی میتراس، چونکە میتراس بیروباوەڕێکی نێرە، بەو واتایەی ئەو کەسەی پیاو نەبێت، ناتوانێت ببێتە پەیڕەوی ئایینەکە". 

 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار