دوای 20 كاژێر مانەوە لە ناوچەیەكی بە مین چێنراو رزگاریان بوو

03-05-2013
حەمید سەعید عەبدوللا
نیشانەکردن مین
A+ A-
رووداو - حاجی ئۆمەران

4 هاوڵاتی خەلكی رۆژهەلات دەكەونە ناوچەیەكی مین رێژكراو لە سنوری حاجی ئۆمەران و یەكێكیان بەر مین دەكەوێت و دوای 20 كاژێر و گەیشتنی تیمی فریاكەوتن رزگاریان دەبێت.

زێبار خالید بەرپرسی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی هەولێر بە (رووداو)ی گوت "كاژێر 10 ی شەوی چوارشەممە چوار هاووڵاتی دانیشتوی شاری نەغدە، لە كاتی گەرانەوەیان بە قاچاغ لە كوێستانەكانی زینوێ‌ لە سنوری حاجی ئۆمەران دەكەونە ناو ناوچەیەكی بە مین چێنراو،  یەكێك لەو چوار كەسە بە ناوی ( باقر مورشیدزادە ) تەمەن 40 ساڵ بەر مین دەكەوێت و بە هۆیەوە قاچی ڕاستی لە دەست دەدا، یەكێكیان، كە برای بەركەوتووەكە بوو، خۆی گەیاندۆتە ناحیەی حاجی ئۆمەران بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی لێ‌ ئاگادار بكاتەوە و بەهانایانەوە بچن، دوای ئاگاداركردنەوەیان تیمێكی مینلابەری سنوری بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی هەولێر لەگەڵ پۆلیسی حاجی ئۆمەران و بنكەی تەندروستی و پاسەوانی سنور لە ناوچەكە چوون بۆ شوێنی رووداوەكە، دوایی نزیكەی 20 كاژێر گەران، تواندرا بریندارەكە لەگەڵ ئەو كەسانەی، كە لە گەڵیدابوون رزگار بكرێن و بگوزارێنەوە بۆ بنكەی تەندروستی حاجی ئۆمەران".

زێبار خالدگوتیشی "دوای ئەنجامدانی رێوشوێنی تەندروستی سەرتایی بۆ بریندارەكە، بریار وایە لە لایەن كەسوكاریەوە بگوازرێتەوە ئێران.
ئەم ساڵ ئەوە چوارەمین رووداوی مین و تەقەمەنیە، كە لە سنوری پارێزگای هەولێر روویان داوە، كە بەهۆیەوە 2 كەس گیانیان لە دەستداوە و 3 شیان برینداربوون و بەشێكی جەستەیان لە دەستداوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە