رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای ورمێ دەڵێت، لە پشووی نەورۆزدا زیاتر لە 211 هەزار کەس لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هاتووچۆیان کردووە.
رۆژی پێنجشەممە، سێی نیسانی 2025، ئەرسەلان شوکری، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، ئەو کەسانە لە 13ـی ئادارەوە تاوەکو دووی نیسانی 2025 لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای ورمێوە هاتووچۆیان کردووە.
ئەرسەلان شوکری گوتی، هاتووچۆی 146 هەزار و371 کەس لەو کەسانە بە پاس و ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی بووە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای ورمێ، لەو ماوەیەدا هەزار و 645 پاس و سێ هەزار و 229 ئۆتۆمبێلی تایبەت لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکە هاتووچۆیان کردووە.
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتی پشووەکانی جەژنی نەورۆز، گەشتە نێوخۆیی و دەرەکییەکان زیاد دەکەن.
لە 13ـی ئادارەوە ''پڕۆژەی نەورۆزە'' لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوە حکومی و خزمەتگوزارییەکان بە مەبەستی پێشوازیکردن لە گەشتیارانی بیانی و نێوخۆیی لە ئامادەباشیدابوون کە تاوەکو 4-4-2025 بەردەوام دەبێت.
لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، 6 دەروازەی سنووری هەن کە سێیان (بازرگان، رازی و سێرو) لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیان، دەروازەیەک (سەنەم بۆلاغی پۆلدەشت) لەگەڵ کۆماری خۆبەڕێوەبەری نەخجیڤانی سەر بە ئازەربایجان و دەروازەی تەمەرچین - حاجی ئۆمەرانیش لەگەڵ هەرێمی کوردستانە؛ هەروەها دەروازەی سنووریی کێلێ، دەروازەیەکی نافەرمیی نێوان پارێزگای ورمێ و هەرێمی کوردستانە و بڕیارە دوو دەروازەی سنووریی دیکەیش لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیا بکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ