دوو بەرپرسی ئاکپارتی لەسەر عەبدوڵڵا زێدان هاتنە دەنگ: دەبێت رێز لە دەنگی خەڵک بگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
هەریەک لە عەلائەدین پارلاک، ئەندامی پێشووی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی ئاکپارتی و مینە لۆک بەیاز، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی رەخنەیان لە بڕیاری پێنەدانی پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان بە عەبدوڵڵا زێدان گرت.
دوو رۆژ دوای ئەوەی عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری دەم پارتی بۆ پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان بە جیاوازیی نزیکەی 150 هەزار دەنگ یەکەم بوو، دادگە رەتیکردەوە بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونی پێبدات و ئەوەش گرژی بەدوای خۆیدا هێنا.
جگە لە بەرپرسانی دەم پارتی، بەرپرسانی پارتەکانی دیکەش ناڕەزایی بەرامبەر ئەو بریارە نیشاندەدەن. ناڕەزایی لەلایەن بەرپرسانی ئاکپارتیشەوە هەیە.
عەلائەدین پارلاک، ئەندامی پێشووی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی ئاکپارتی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئێکس بڵاویکردەوە، "سیاسەت بە رێزگرتن لە گەل و ویستی گەل دەکرێت. سیاسەت لایەنگریکردنی ویستی گەلە و رێزگرتنە لە هەڵبژاردنی خەڵک."
پارلاک بە پێویستی دەزانێت ئەو ئەنجامە پەسندبکرێت کە لە سندووقەکانی دەنگدان دەرچووە و دەڵێت، " پێویستە بایی ئەوەندە پێگەیشتوو بین کە بتوانین پەیامی خەڵک لە سندووقەکان وەربگرین."
ئەو بەرپرسەی ئاکپارتی بە هاونیشتمانیان دەڵێت، گرنگە خۆیان لە هەموو جۆرە تووندوتیژییەک دووربگرن و زەوینەسازی بۆ دروستبوونی گرژی نەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە شەقام شوێنی داواکارییەکان نییە و دەتوانن لە رێگەی یاساوە هەوڵی خۆیان بدەن.
هەروەها مینە لۆک بەیاز، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی لە بازنەی ئامەد لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "پێنەدانی بەڵگەنامەی دەستبەکاربوون بەو بەربژێرەی لە سندووق بردوویەتییەوە بە دروست نازانم. بەربژێرێک ئەگەر نەتوانێت ببێتە سەرۆکشارەوانی، ئەی چۆن بەربژێربوونی لەلایەن دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن پەسندکرا؟"
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی ئاکپارتی دەڵێت، رێگریکردن لە دابەشبوونی تورکیا و یەکێتییەکەی هێڵی سووری ئەوانە و بە پێویستیشی دەزانێت، ویستی خەڵک و ئەنجامەکانی سندووقی هەڵبژاردنیش هیڵی سووریان بێت.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە رۆژی 31-03-2024 بەڕێوەچوو، عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری دەم پارتی بە رێژەی 55.4%ی بەرامبەر 27.14% پۆستی گەورەشارەوانیی وانی بردەوە، بەڵام بە بڕیاری دادگە بەڵگەنامەی دەستبەکاربوون بە بەربژێرەکەی ئاکپارتی درا.