بزووتنەوەی گۆڕان سەرۆکی لیستەکەی لە هەولێر دەگۆڕێت

رووداو دیجیتاڵ
 
بزووتنەوەی گۆڕان سەرۆکی لیستەکەی لە بازنەی هەولێر گۆڕی و بەربژێرێکی دیکەشی دوورخرایەوە، بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان لە هەولێر دەڵێت، "پەیوەندیی بە ناسنامەکانییانەوە هەیە کە هی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن."
 
کارزان گەردی، بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان لە هەولێر، لەبارەی دوورخستنەوەی دوو لە بەربژێرەکانییان لە پارێزگاری هەولێر، لەنێویاندا سەرۆکی لیستەکە، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەفین مەلا قەرە سەرۆکی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان بوو لە بازنەی هەولێر، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناسنامەی هی سنووری مادەی 140ـە، بەپێی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنیش ئەوە نابێت، بۆیە سەرۆکی لیست گۆڕا و هێمن شێخانی کە ژمارە دووی لە لیستی ناوی بەربژێران هەبوو لەبری کاک سەفین دەبێتە سەرۆکی لیست."
 
بەپێی زانیارییەکان یەکێکی دیکە لە بەربژێرانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر بەناوی ئاراس قەرەناوی لە شارۆچکەی تەقتەق لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بەهەمان هۆکار دوورخراوەتەوە.
 
بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە جیا بەشداری دەکات و 64 بەربژێری هەیە، بزووتنەوەکە 45 بەربژێری لە پارێزگای سلێمانی، 13 بەربژێر لە پاریزگای هەولێر، سێ بەربژێر لە پارێزگای دهۆک و سێ بەربژێری لە پارێزگای هەڵەبجە هەیە.
 
بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ژمارەیەک مەرجی بۆ بەربژێران دیاریکردووە، لەنێویاندا ئەوەیە کەسەکە ناسنامەی یەکێک لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بێت.
 
 10ى حوزەیرانى 2024 دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.