رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لەبارەی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی وەزیری دارایی عێراق پێیداوە، گرفتەکان چارەسەر کراون.
هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لەبارەی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ وەزیری دارایی [تەیف سامی] کرد و پێی گوتم، بابەتی مووچەی هێزە ئەمنییەکانمان چارەسەر کردووە".
لە وەڵامی پرسیارێکی زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدا، لەبارەی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێرەوە، هادی عامری باسی لەوە کرد، "ئەگەر پرسیاری پەیوەندیی خۆم دەکەیت، پەیوەندییەکی نایاب بووە و بەردەوام دەبێت و دەمێنێتەوە، ئەو پەیوەندییەش لە ساڵی 1981ـەوە هەیە، پشتیوان بە خودا دەمێنێتەوە و گەشەدەکات و باشتر دەبێت، پەیوەندیم باشە لەگەڵ هەولێر، پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی لەگەڵ هەولێر پێموایە لەم قۆناخەدا پەیوەندییەکی باشە، برام دەوڵەتی سەرۆکوەزیران، برام محەممەد شیاع سوودانی زۆر جیدیی بووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەموو کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان."
لەبارەی چارەسەربوونی کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغداشەوە، هادی عامری گوتی، "چارەسەر بوو... ئێستا بابەتی تەوتینی مووچە هەیە و تەنیا میکانیزمەکانی تەوتین ماوە، پشتیوان بەخودا بەمنزیکانە چارەسەری بۆ دەدۆزینەوە".
زیاد ئیسماعیل لێی پرسی، ئەی بابەتی مووچەی هێزە ئەمنییەکان، ئەویش چارەسەر بوو؟ هادی عامری لە وەڵامدا گوتی، "چارەسەر بوو. ئەمڕۆ لەبەردەم من وەزیری دارایی گوتی لیستی مووچەم بۆ بنێرن سبەی پارەتان بۆ دەنێرم".
لەلایەکی دیکە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە سەرچاوەیەکی نێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەستیکەوتوون، لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق رێککەوتن کراوە، تاوەکو پرسی بەدیجیتاڵکردنی مووچە یەکلادەبێتەوە، هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
رووداو زانیویەتی، لە پاش رێککەوتنی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە هەولێر.
رێککەوتنەی نێوانیان خۆی لەم خاڵانەی خوارەوە دەبینێتەوە:
- مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
- بەپێی رێککەوتنەکە تا ئەو کاتەی پرسی تەوتین و بە دیجیتاڵکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکلایی دەکرێتەوە بەغدا بەردەوام دەبێت لە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
- مانگانە لە رێگەی کۆدی بایۆمەترییەوە مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە خەرج دەکرێت بەهەمان ئەو میکانیزمەی مووچەی مانگی شوباتی پێ خەرجکرا.
لەبارەی مووچەی مانگی ئادارەوە ئەو سەرچاوەیە بۆ رووداوی ئاشکرا کرد، وەزارەتی دارایی عێراق بەڵێنی بە شاندەکەی هەرێمی کوردستان داوە، بەر لە جەژن وردبینی لیستی فەرمانبەران تەواو دەکەن و مووچەکانیان خەرج دەکەن.
هاوکات، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوەی گرنگ و سەرکەوتوو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق لە سەر پرسی بودجەو مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و تەواوکردنی رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، شاندی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ بەغدا هێنا و گەڕانەوە هەرێمی کوردستان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ