وردەکاریی شەڕەکەی ئەمڕۆی گوڵەخانە؛ 'تەقە لە کوڕەکەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود کراوە'

03-04-2024
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی ئەمڕۆ لە گوندی گوڵەخانەی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، جارێکی دیکە شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان چەند پێشمەرگەیەکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە هەردوو بەرەی محەممەدی حاجی مەحموود و عەبدوڵڵای حاجی مەحموود دروستبوو.
 
عەبدوڵڵای حاجی مەحموود دەڵێت، "هێرش کراوەتە سەر ماڵی کوڕەکەم." سەرچاوەیەکیش لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "کەسانی نزیکی عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، چەکداریان بردووە و لەنێو خانووەکەوە تەقەیان کردووە."
 
چوارشەممە 03-04-2024 عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماوەیەک لەمەوبەر ماڵی کوڕەکەم لەلایەن چەند چەکدارێکی سەر بە پارتەکەوە داگیر کرابوو، بەڵام دواتر دۆخەکە ئاسایی بووەوە. بەیانیی ئەمڕۆش کوڕەکەم چووەتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی، بەڵام دوای چەند خولەکێک هێرش کراوەتە سەری و ئەویش بەرگریی لە خۆی کردووە."
 
سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان سەرۆک و جێگر (دوو براکە)
 
رۆژی 18-02-2024 شەڕ و گرژی لەنێوان چەند پێشمەرگەیەکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، کە بەشێکیان لایەنگری سەرۆک و بەشەکەی دیکەیان لایەنگری جێگری سەرۆکی پارتەکە بوون، دروستبوو.
 
ئەوکات، سەرچاوەیەک لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، دوای لادانی بەرپرسێکی حیزب، کە نزیکە لە عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، کوڕی ئەو بەرپرسە لە شارەزوور تەقەی کردووە.
 
ئەوکات عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەبارەی کێشەکان بە رووداوی راگەیاند، "پێم ناخۆشبوو کێشەکە بچێتە راگەیاندن و سۆشیاڵمیدیا، کرۆکی کێشەکە لەسەر کاری حیزبییە. لە کاتێکدا پەیڕەو هەموو دەسەڵاتەکانی دیاریکردووە، هەرچییەک لە چوارچێوەی پەیڕەو بکرێ من پابەندم."
 
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود دەڵێت، "لە حیزبدا بە بڕیارێکی تاکلایەنە خەڵک دەرکراوە، فەرمانی دەرکردن و دامەزراندن دەردەکرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی."
 
سەڵاح عەلی، بەرپرسی کاروباری پێشمەرگەی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان (فەرماندەی هێزی سوورێن)، ئەو بەرپرسەیە کە گۆڕاوە. ئەو بە کەسێکی نزیک لە عەبدوڵڵا حاجی مەحموود دادەنرێت.
 
هەمان رۆژ، فایەق مەهدی، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "یەک دوو گولـلە تەقێندراون، لەو کاتەدا ئۆتۆمبێلەکانی کاکە حەمە لەوێ بوون، رەنگە کێشەیەکی ئاسایی لەنێوان دوو پێشمەرگەدا هەبووبێت، بڕواناکەم ئەوە بە فەرمانی حیزب کرابێت."
 
لەبارەی ئەو گۆڕانکارییە نێوخۆییانەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود گلەیی لێیان هەیە، فایەق مەهدی گوتی، "بەڵێ لادان و دانانی کادیران کراوە، بەڵام ئەوە کاری نێوخۆیی حیزبە و ئاساییە. هەر گۆڕانکارییەک کرابێت، کاری نێوخۆیی حیزب بووە. گۆڕانکارییەکان بەپێی پەیڕەو کراون، سکرتێر دەسەڵاتی یەکەمە و مەکتەبی سیاسیش کۆبووەتەوە و بڕیاری زۆرینە بووە."
 
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: کوڕەکەم لە ماڵەکەی خۆیەتی و تەقەی لێکراوە
 
لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ چوارشەممەیدا بۆ رووداو، عەبدوڵڵای حاجی مەحموود گوتی، "کاتێک لە مانگی شوباتی رابردوو شەڕەکە دروستبوو، ماڵی کوڕەکەم لە گوڵەخانە داگیرکرا، دواتر لە دادگە سکاڵامان تۆمار کرد و بڕیاری دەستگیرکردن بۆ داگیرکاران دەرچوو، شەوی رابردووش کوڕەکەم گەڕاوەتەوە ماڵەکەی خۆی، بەڵام تەقەی لێکراوە."
 
عەبدوڵڵای حاجی مەحموود گوتیشی، "ئێستا کوڕەکەم لە گوڵەخانەیە و لە ماڵەکەی خۆیدا ماوەتەوە."
 
سەرچاوەیەک لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان: کوڕەکەی عەبدوڵڵای حاجی مەحموود چەکداری هێناوە و تەقەیان کردووە
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کوڕەکەی عەبدوڵلای حاجی مەحموود، چەند چەکدارێکی بردووەتە گوڵەخانە و تەقەیان کردووە."
 
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "چەکدارەکان نزیکەی 10 کەس دەبن و تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکانیش کردووە." ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم ئاژاوەیە بۆ تێکدانی کۆنگرەیە."
 
شەڕی پێش کۆنگرە
 
د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " لە کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، بڕیاردرا رۆژی پێنجشەممە، 04-04-2024، لە پارێزگای هەڵەبجە کۆنگرەی هەشتەم ببەستین."
 
سەبارەت بە بەشداریکردنی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لە کۆنگرەکە، فەرهاد تۆفیق گوتی، "دەتوانن بەشداریی کۆنگرە بکەن و پەیوەندییان پێوە دەکرێت."
 
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود دەڵێت، "ئەم شەڕە لە کاتێکدایە، کە بڕیارە سبەی پێنجشەممە کۆنگرە ببەستین و ئێمەش بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکاریمان دەکرد."
 
سەرچاوەکەی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "چەند رۆژێک لەمەوبەر، چەند لایەن و کەسایەتییەک داوایان لە کاکە حەمە کرد، لە کاک عەبدوڵڵا و کەسانی نزیکی خۆشبێت و بەشداریی کۆنگرە بکەن، ئەویش بەو داوایە رازی بوو، بەڵام وادیارە دەیانەوێت کۆنگرە تێکبدەن، بەڵام لە وادەی خۆیدا دەکرێت و ئەمنیەتیشی پارێزراو دەبێت."
 
دەرکردنی عەبدوڵڵای حاجی مەحموود
 
رۆژی 5ی مانگی رابردوو کۆبوونەوەیەکی باڵای سۆسیال دیموکرات بە سەرپەرشتیی محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتەکە بەڕێوەچوو، تێیدا بە "زۆرینەی دەنگ"ی سەرکردایەتی بڕیاری دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود درا.
 
دواتر عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لە بارەگای هەولێری پارتەکە، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، "من، هەر جێگرم و بڕیارەکە نایاسایی و ناپەیڕەوی بووە."
 
بە گوتەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود هەڵوەشانەوەی پۆستەکەی ئەو "لەنێو پەیڕەوی پارتەکەیان لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حیزب نییە و بڕیارەکە پەیڕەوی نییە."
 
مێژووی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
 
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، کە لە ساڵی 1976 یەکەمجار بەناوی بزووتنەوەی سۆسیالستی کوردستان، دامەزراوە، لە پەیڕەو و پرۆگرامەکەیدا خۆی وەکو حیزبێکی نیشتمانی و نەتەوەیی دەناسێنێت، حیزبەکە تاوەکو ئێستا حەوت کۆنگرەی بەستووە:
 
- کۆنگرەی یەکەم،  لە 12-5-1981 لە دۆڵه‌توو.
- کۆنگرەی دووەم، 15 تاوەکو 19ـی تشرینی دووەمی 1994 لە ھەولێر.
- کۆنگرەی سێیەم، لە 27 تاوەکو 30ـی تشرینی دووەمی 1999 لە سلێمانی.  
- کۆنگرەی چوارەم، لە 6 تاوەکو 8ـی کانوونی یەکەمی 2003 لە سلێمانی.
- کۆنگرەی پێنجەم، لە 8 و 9ـی ئابی 2005 لە سلێمانی.
- کۆنگرەی شەشەم، لە 6 تاوەکو 8ـی ئایاری 2011 لە هەولێر.
- کۆنگرەی حەوتەم لە پێنج تاوەکو شەشی ئاداری ساڵی 2022 لە هەولێر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە