تەرمی دوو ژن لە پارێزگای ورمێ دۆزرانەوە؛ یەکێکیان هاوژینەکەی خنکادوویەتی

هەولێر دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە نێو ئۆتۆمبێلێکدا لەسەر رێگەی نێوان ورمێ-مهاباد تەرمی ژنێک دۆزراوەتەوە. هەروەها لەنێو بەنداوی مهابادیش تەرمی ژنێک دۆزراوەتەوە.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 3ـی نیسانی 2024) یوسف ئەشرەفی، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری مهاباد رایگەیاند، ''رۆژی سێشەممە ئاگادارکراینەوە کە تەرمێک لە نێو بەنداوی مهاباد دۆزراوەتەوە، بۆیە دەستبەجێ تیمێکمان بۆ شوێنەکە نارد و لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکەوە دەستیپێکرد.''
 
یوسف ئەشرەفی گوتی، دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوت 'تەرمەکە، ژنێکی تەمەن 48 ساڵە.' بێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی دیکە لەبارەی ناسنامەکەی ئاشکرا بکات.
 
گوتیشی "پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان کردووەتەوە و بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر و زانینی هۆکاری مردنی، تەرمی هاونیشتمانییەکە رەوانەی دادپزیشکیی مهاباد کراوە."
 
هەروەها سادق شوکری، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، رۆژی سێشەممە لەنێو ئۆتۆمبێلێکی جۆری پراید-دا لەسەر رێگەی نێوان ورمێ-مهاباد و نزیک لە شاری نەغەدە، تەرمی ژنێکی گەنج دۆزرایەوە و بەمەبەستی لێکۆڵینەوە تیمێکیان بۆ شوێنەکە نارد.
 
بە گوتەی سادق شوکری، "دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوت؛ ژنەکە 38 ساڵ تەمەنی بووە و خنکێندراوە."
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ دەڵێت، تیمەکانیان گومانیان لە هاوژینی ژنەکە کردووە، بۆیە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی داد دەستگیریان کردووە و دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە، ئەو کەسە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
 
ئاماژەی بەوەش کرد "بەهۆی کێشەی خێزانییەوە، شەڕ و دەمەقاڵێ لەنێوان ئەو و دوو هاوژینە دروست بووە و لە ئەنجامدا بەدەستی خۆی هاوژینەکەی خنکاندووە."